ئەڵێن تا سەر بێ ڕزقی لە دوایە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
909 مشاهده
ئەڵێن تا سەر بێ ڕزقی لە دوایە
ئەمە قەولێکە باوەڕ بە خوایە
بەڵام ئاشکرا بە چاو ئەبینرێ
لە گرانیدا زۆر کەس ئەمرێ
ڕزق لە ئاسمان نایەتە زەوی
شەرتی ئەوەیە تۆ شوێنی کەوی
بەڵام نەوەک سواڵ لەم ماڵ و لەو ماڵ
بە ڕەنجی شان و کەسبێکی حەڵاڵ
با وجوود کاری خوا کەس نایزانێ
مەرد دەخاتە لای نامەرد بۆ نانێ
نەمدی پیاوێکی پیاو دەوڵەمەند بێ
پێی پیاو هەمیشە دەبێ لە بەند بێ
ئەوەی کە نایخوا دەوڵەتی زۆرە
«ماڵی خۆنەخۆر بۆ چەکمە بۆرە»
بە خوا ئەمانە داخی دڵمانە
«نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لە خوانە»
ڕەشەبا کەیفی شەوی لێ تێکدام
ناچار وەک قازی کوێر شەو بە تەنیام
داخەکەم شووتی و کاڵەکم تەپی
ترۆزی کۆن بوو سیس بووە ڕەپی!
لەسەر هیچ حاڵی دنیا نامێنێ
گاهـ بولبول، گاهـ بایەقوش ئەخوێنێ