با، مێخ سندانی فڕێدایە دەر
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
763 مشاهده
با، مێخ سندانی فڕێدایە دەر
پێچ و کلوویان ئەهاویشتە بەر
قەساب خۆی دەرکرد بە جوابێکی سارد
کەچی مووی ڕیشی بە ناونیشان نارد
تفی لە ڕووی کرد، پێی وت «کەرەتە»
وتی: قەیناکا، باران ڕەحمەتە
کاسە کە چەور بوو ئاو ناگرێتە خۆی
گاجووت تێناگا بلوێر لێدەی بۆی
دار بە پوازی خۆی ئەقەڵێشێ
گوڵی دۆست زیاتر لە بەرد ئەیێشێ
ئەگەر ئەتەوێ ئازادەسەر بێ
ئەبێ «بەشەددە» و «بێ شەددە» کەڕ بێ
«پواسوون داوریل» پیشەی شاعیرە
کەچی زۆر جاهیل تیایا ماهیرە
ئێمە بە «مازوان تێشکان» پەستین
بەهیوای ئەوەین «بەسیچکان» هەستین
«شکر» و «شرک» هەر دوو لە قاڵبێکن
کەچی بە مەعنا چەند دوور لە یەکن
شیعر و شەرع و عەرش کەرەستەیەکە
شیعر لەم دووانە هەڵبەستەیەکە
هەرچیت ئەدەنێ ناوی کەرەمە
تەنها جنێوە منەتی کەمە
کە مردیت هیچت لە گەڵا نایە
گوناهـ هاودەمتە، ئەو بەوەفایە!