پیاوی پیر تا بێت گوڕی کەم ئەبێ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1973 مشاهده
پیاوی پیر تا بێت گوڕی کەم ئەبێ
داری وشک گڕی وەکوو شەم ئەبێ
ئاو و پیاو مەند و مۆن بن، بترسە
سەگی نەهێنگر، ڕامەگرە خرسە
هەندێ ڕووبەڕوو زوبانیان چەورە
کەوتە پاشملە دەم دەمە تەورە
پیاوی دەمهەراش کە لەبەرەوەن
شێری ماڵەوە، ڕێوی دەرەوەن
هەندێ بە هیوان کە هونەر باو بێ
بڵێ کێ دیویە، زستان هەتاو بێ
زەمانی مەهدی خەیاڵی خاوە
دنیا بە کلکی «گا» ڕاوستاوە
تا دەست بە کلکی ئەو «گایە» نەگری
ئەگەر شێریش بی لە برسا ئەمری
مانگا بە دزی «کەڵ یەگرت» جاران
ئێستا کەڵەگا ئێنن لە شاران
بە «تلی لی لی» مانگای بۆ دەبەین
ئەم بێ شەرمییە تازە کەوتە بەین
ڕوتبەی حاڵ و ماڵ هەمووی بۆ زەوقە
کە زەوقت نەبوو، ماڵ لە لات تەوقە
خۆ ئەشیزانین کە نایبەینە گۆڕ
نایخۆین بۆ ئەوە کە زۆرتر بێ زۆر
ئەم پەند و بەندە کە لە پێش چاوە
لە ڕاستی هەندێ وەک بەندوباوە
«سەعدی» وتوویە کە بە خوا بەندی
دەروێشی خۆشە، نەک دەوڵەمەندی
لەگەڵ ئەوەیشدا دەوڵەت شیرینە
ئێمە وەک «مێش» و دنیا «هەنگوینە»