ئەگەر لە نوێژا ڕیا بنوێنی

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  825 مشاهده
ئەگەر لە نوێژا ڕیا بنوێنی
خۆت و خەڵک و خوا ئەخەڵەتێنی
هەندێ کە «زیافەت» بە سەلەم ئەدەن
چاوەڕێی هەلن تۆڵەیێک بدەن
هەندێ کە میوان نانێکیان ئەخوا
ئەبێ «موسهیلی» بۆ بێ دوابەدوا
پیاوێ بە پیاوێک ئەڵێ بە تانە
دوێنێ خوشکەکەت چۆتە کارخانە
ئەڵێ چۆن؟ بەڕاست ئەمە دێتە دی؟
ئەڵێ ژنەکەم بە چاوی خۆی دی
قەدری مانگ نییە تا دەگاتە شەو
گەرما ئاوی سارد ئەخاتە برەو
بەنیادەم زادەی «قەترەمەنی»یە
کە کەوتە ڕووی کار «هەزار مەنی»یە
بە بایەک هەموو عەیشی بەبایە
کە کەوتیشە ئاو وا لە خاکایە
ئەوی ئەزانی بۆت ناچیتە خاک
مێردی ژن ئەیبا، بیخۆ بە بێباک
کوڕت جاهیل بێ ڕەنجت بە بادە
میرات میقرۆبی شەڕی ئەولادە
بە ڕەنجی شانی خۆت بژی بەستە
پارەی میراتی وەک چڵکی دەستە
قومار لە هەموو فیعلێ بەدترە
«مەحبووبە» و «شەراب» بەلەزەتترە
کە بیبەیتەوە قەدری نازانی
لەگەڵ دۆڕاندت دڵ پڕ لە ژانی
ئەم پەندە خەرجی پیاوی فەقیرە
دەوڵەمەند لە کوێ ئەمەی لە بیرە