ئەوی ئەزانێ سروشتی خاکە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1043 مشاهده
ئەوی ئەزانێ سروشتی خاکە
هیچ بایی نابێ، بێ با و بێباکە
ئەوی ئەزانێ قەزا لە خوایە
گلەیی ناکا و دەنگی دەرنایە
کە زانی کردە بێ جەزا نابێ
دڵ بەستەی کردەی ناسزا نابێ
بترسە لەوەی لە خوا ناترسێ
مەپرسە لەوەی کە لێت ناپرسێ
پووشێک بە، با ئاو بتخاتە سەر سەر
قورس بی قەتارچی ناتبا بۆ سەفەر
کە نوێژ ئەکەیت و ڕێی خوا نازانی
دەروون پیسییە و کفری پەنهانی
ئەوی خواناسە و کردەوەی مەردی
لوتفی خوای هەیە و ناوی ئەبەدی
بێ ئینساف لە کوێ ئینساف ئەزانێ
پیاوی ئەکوژێ بۆ هەگبەنانێ
زانین تاجێکە وا بەسەرەوە
بە سەرفرۆیی لێی مەکەرەوە
بەخیل بی، «غلە» غیللە لە ملتا
مرواری ئەبێت بە گڕ لە دڵتا
سەخی لە خوای ویست داوایان لێکرد
هەرچی بۆی لوا بەخشی دەستوبرد
ڕژد، سواڵکەر ویستی ئەو وتی نیمە
وتی وەرە با سواڵ کەین بە نیمە
بۆ خواپەرەستی کە هەوەسناک بی
لەناو خەڵکیشدا دەتوانی تاک بی
ئاگری ستەمگەر زۆر کەم ئەگڕێ
ئاهـ! ڕشتەی ژینی زاڵم ئەبڕێ
ئەگەر دڵ لە ڕاست بێگوناهـ پیس کەی
ئەبێ پەیڕەوی نەفرەی ئیبلیس کەی