پیرێژن دیسان بورجی خۆی نواند

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1032 مشاهده
پیرێژن دیسان بورجی خۆی نواند
تۆوی وەیشوومەی بە چیمەن داچاند
بەڵام با دوو ڕۆژ بەفر ببارێ
پۆیلەی تەرزەیشی با بێتە خوارێ
دوایی، دوایی دێ وێنەی ئەڵەمان
بەهار دێت لەنوێ سەوز ئەبێ جیهان
ئەڵێن سرکەی تیژ شووشە ئەشکێنێ
مایەی خۆی بە خۆی توند ئەڕژێنێ
پیاوی لەسەرخۆ، خۆی خۆی سەر ئەخا
ماینی جرت و فرت لەپڕ بەر ئەخا
زۆرکەس فێر بووبوون بە کۆڵی خلە
ئەویش ئەپەڕیە سەر پشتی بلە
ڕەحەیش لە دواوە تێیان هەڵئەدا
لەگەڵ پێش دەمیا ئەیکرد بە هەڵدا
منیش ئەم هەموو شیعرەی کە هەمە
بە شیعری دیوان ئەکەومە گەمە
کابرا کە کەسی لێ نەبوو دیار
بە بای خۆی ئەگوت بەهارە بەهار
ئێستا ئەو بایە بوو بە سەرمایە
با بەهاریش بێ ئەڵێ: سەرمایە
کنگر پێگەیی هەرچەند بادارە
دوو مانگ پێخۆری پیاوی هەژارە
کاشکا دوومەڵان وەک ئەم بوایە
خەرجی عالەم و هەرزان بەهایە
بەڵام دومەڵان کە ئەڵێن زۆڵە
ڕووی ئاوەدانی نییە و لە چۆڵە
دیسان قەدری ئەو زۆرە لە لامان
زادەی زیادەیە پەسەندی زەمان