کە وتیان دنیا ماستی مەییوە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
2 دقیقه
825 مشاهده
کە وتیان دنیا ماستی مەییوە
ئەوسا بزانە کەس تێی نەگەییوە
شیرە دەترشێ و ناوی ئەنێن ماست
شیرین ترش ئەبێ و چەوت ئەبێ بە ڕاست
بێزوو ڕیخۆڵەی ئافرەت کرژ ئەکا
شیرینی ناوێ حەز لە ترش ئەکا
جیهان خاتوون چۆن دەست ئەکاتە مل
بیر ناچێتەوە قابیل و هابل
ئەم سەرەتایە لەوانەوە هات
پیشەی باوکمانە بووە بە میرات
هەتا دێ ئێمەش لێی زیاد ئەکەین
ڕێ بە نەریتی کوشەندە ئەبەین
فەن بۆ فەن و فێڵ ئەبرێتە کار
بۆ چڵوچێویش پیاوی نابەکار
پێغەمبەر فەرمووی کە ئەم دنیایە
کەس نەڵێ خۆشی و سرەوتی تیایە
کەس دانانیشێ بێ سات و سەودا
خوا بۆ سەیری خۆی ئێمەی تێک بەردا
پەنچکێ نانی خستوەتە ناومان
خستیە بەر چەپۆک سەر و کڵاومان
ئەم زەد و خوردەی شێر و قەڵغانە
هیچی تر نییە هەمووی بۆ نانە
دەفەرموون کاممان بێ نان هەڵدەکەین
چارەی نان خواردن کەی ڕێی پێ دەبەین
بەردێکی ڕەش وا لە بنی دنیا
ئاوی دەریاکان ئەچێ بە سەریا
هەڵیان ئەلووشێ و هەروا کسپەی دێ
تێر خواردنەوەی بۆ نایەتەجێ
ئەی ئەو کەسانەی هیواتان پێیە
ئەمە هەڵێنن بزانن کێیە