دنیا دەریایە خاشاک بەسەرە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1034 مشاهده
دنیا دەریایە خاشاک بەسەرە
ژێرکەوتەیی بۆ دوڕ و گەوهەرە
شاخدار بە شاخدار خۆی دایە قەڵەم
تەرزەی شوورەیی کردی بە هەڵەم
بێ شوورەییە و خەتای سوورەیە
کەچی بە زوبان لە خۆی دوورەیە
بەدگۆ لە پیاوی بە نامووس ئەدوێ
دەستە چەورەکەی لە خەڵک هەڵەسوێ
خۆیشی وەک کاسەی چەورە بێباکە
گازری نایە مەگەر بە شیاکە
یارێکم هەیە زۆر بێ بەقایە
شێوەی ڕەنگ ڕەنگی چوار فەسڵی تیایە
گاهێکیش بە خوو ئەو کڵاو لارە
نێر و مێ دەبێ وێنەی کۆلارە
چەرخ و فەلەکی جەژن دانرا
هەر کورسییەکی بە یەکێ درا
کەوتە گەڕ و خول وەک چەرخی دەوران
یەک لە زەمین و یەک لە ئاسمان
کەچی بە سووڕێ لەگەڵ کەوتە گەڕ
سەرووی خستە ژێر، ژێرووی خستە سەر
لە کاری دنیای لادام دەستی زۆر
کەم دەسەڵاتی کردمیە حەڵاڵ خۆر
ئەگینە دنیا لە دەست نادرێ
هەتا جگرە تەرک ناکرێ
پشیلە کە دەمی نەگاتە جگەر
ئەڵێ تاڵ بووە بە دەلوبیبەر
خواناسیش چشتێ زانی حەرامە
دەمی لێ نادا ئەڵێ: بێ تامە