خوا ئێمەی ڕەنگ ڕەنگ سروشت پێداوە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  900 مشاهده
خوا ئێمەی ڕەنگ ڕەنگ سروشت پێداوە
ڕەنگی هیچ کەسی بە کەس نەداوە
ئەبینی دوو کەس بە یەک ئەشوبهێن
کەچی بە کردار لە یەکتری جوێن
یەکێ ئارەزووی بە شیرینییە
ئەوی تر مەیلی شیرینی نییە
یەکێ وەک بێزووکەر ترشی ئەوێ
نە! ناوی مەبە! ئامان نامەوێ
یەکێ سەودایی شیعری مەوزوونە
یەکێ بە تیری شیعر دڵخوونە
هی وامان هەیە بە کشەمرە
ئەڵێ: پێت وتووم کشە تۆ بمرە!
سا توخوا مرە و بمرە چەند دوورن؟
هەرچەند کولانە و گۆڕ هەر دوو ژوورن
کۆنە پیاوێکمان بە تەقەی قەزوان
نە دینی لە لا ئەما، نە ئیمان
مەلایەکمان بوو ئەتوت: شیپارە
ئەهاتە وێزەت بە نێزەی «یارە»
ڕەحمەت لە سۆفی یارەی زرێپۆش
بۆی ڕام ئەکردین ئێستری چەمووش
ئێستا دەستەیە تۆڕی کەم سرەوت
بە قەمچی «یارە»ش نایەنە سەر ڕەوت
یارە مرد لە لای نامەرد نەنێژرا
بۆ گردی یارە چەن شیعر بێژرا
خۆزگە دەمزانی ئەم سڕە چییە؟
ناوی هیچ کەسێ لە ناودا نییە
کەچی تۆ ئەڵێی بامیەکەم ترشە
ئەم خەڵکە هەمووی ڕووی لە تۆ گرژە
دە باوکە ئێرە خۆ «کەرکوک» نییە
مەلا بامێ بێ بەو تووڕەییە
یا ئەگەر ترش و ترشی خرابە
ڕووی خۆت ترش مەکە، شیرین بە، چا بە
ئەگینە کە تۆ مۆن و ترشڕووی
دەمی کەس کیسە نییە بیدرووی
هی وامان هەیە کە لە خوا ئەدوێ
ڕزگاری لە توانج بۆ کێ ئەلوێ؟
بۆچ پێغەمبەریان لە شار دەرنەکرد؟
ئیمان ناهێنرێ بە کەس، دەستوبرد