پەندی پێشینیان ناڵەی مەنسوورە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
2 دقیقه
979 مشاهده
پەندی پێشینیان ناڵەی مەنسوورە
لای هەندێ کەسان کفری مەشهوورە
لە لای ئەهلی دڵ دوڕی مەنسوورە
ئەم خەتا سوورە لە خۆمان دوورە
ئەڵێم: هەوری سوور بارانی دوورە
تەپ لە تەندوورە لە شارەزوورە
کەچی خەڵک ئەڵێن!! خێر ئەو تەندوورە
بۆ خەپلە نییە ئێمەی مەنزوورە
هەندێ شەو ئەگەر بڵێم سەگ لوورە
کێ بەو سەگ لوورە، لەنگ بەرەو ژوورە
دیسان پێم ئەڵێن چەند بە فتوورە
ناڵین سەد ساڵە ئەمە مەشهوورە
کابرایەک هاتووە لە زەعیم ئەدوێ
وتمان بلوێرە! کێ ئەیگرێتە گوێ
زەعیم ئەوەتە شێوەی شەمعی بێ
خۆی بسووتێنێ، نەفعی جەمعی بێ
گەورە ئەوەتە خۆی بە خاک بگرێ
وەک خاک مردووی خۆی لە باوەش بگرێ
گەورە وا دەبێ کە بە ڕەنجی شان
کوێ بکاتەوە و بیدا بە میوان
با هیچ میوانیش مەمنوونی نەبێ
بیدا و دەربەستی مەمنوونی نەبێ
زۆرمان دی ویستی دۆستی خۆی بخا
کاتێکمان زانی وەک دیوار ڕووخا
هەندێ لەخۆیدا دەست بە تێڵایە
هیچ ناڵێ ڕۆژان ڕۆژی لە دوایە
باوە، وا کردمان بوویشی بە ئەعیان
باش نەبی خەڵکت لێ دێتە زمان
بەوە چاک ئەبی چاکی بنوێنی
نەک بە خەمەوە خەڵکی بنوێنی
خۆزگە ئەعیانی بێ مەعاش ئەبوو
ئەوسا ئەم خەڵکە بێ تەلاش ئەبوو