ناوێرن بڵێین پەندی پێشینان

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  1442 مشاهده
ناوێرن بڵێین پەندی پێشینان
لە ترسا ئەڵێین: چیرۆکەی ژنان
خاتووزەمهەریر شینی چلەی کرد
ئەویش لە پاش ئەو زوو تەشریفی برد
ئینجا کەوتینە بورجی پیرەژن
مەکری پیرێژن ڕێوی کردە کون
بەفر و هەڵەکۆک بە بای نهێنی
لە لای چەرخی پیر کەوتنە خوازبێنی
کەچی بەفرەکە زوو تووایەوە
شایی ئەو جووتەش هەروا مایەوە
هەرچەند لە تاسەی دووری نەورۆزا
بە گڕی بێ گڕ دل هەڵپڕووزا
بەڵام قەید ناکا خۆ هەر بارانە
نیسان سەیرانی گردی یارانە
«پواسان داوریل» ئەوا هاتەوە
خومی جوولەکەیش شێواوەتەوە
هەردووکیان ئێستا برەویان کەمە
وەک نەورۆزێکە کەوتبێتە شەمە
پێش نیسان هێندە درۆ کراوە
هەمانە تڕی وای تیا نەماوە
سێ شەش دوو لاقی قورسی شکاوە
شەشەکەی تری بۆ خۆشی ماوە
کنگری دەشت و شاخ پێگەییوە
دنیا بۆ ئێمە ماستی مەییوە
دۆ هات برەوی ماستاو نەماوە
تەشی رستنیش وەک ڕیسی خاوە
«بسم اللە» مان کرد بە دڵێکی ساف
جنۆکە هەموو ڕوویان کردە قاف
هێشتا نەمردووم نەیان ناومە گۆڕ
پێم ئەڵێن: مردووی بەشی زیندە خۆر
تێنەگیشتم بە کێیان زانیم
ڕەنگە وا بزانن کە کوڵەنانیم