گوم بوو ژیان و پەندی پێشینان
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
2 دقیقه
1672 مشاهده
گوم بوو ژیان و پەندی پێشینان
هۆمان کەوتبوە چیرۆکەی ژنان
ئێستا هەر دووکیان کەوتنەوە مەیدان
سا، چی ئەنوێنێ ئاوێنەی دەوران
کە تۆ نوشستیت لە کەس نەهانی
تامی لێبوردن ئەوسا دەزانی
گەردشی جیهان زوو زوو ئەگۆڕێ
یەکێ دێتەوە و یەکێ ئەتۆرێ
ئەگەر مەجلیسی میللی نەگۆڕێ
سەودای مەبعووسی ئەچێتە گۆڕێ
برا، برای خۆی لا بێگانەیە
فرزەند لە باوک بە بەهانەیە
هەموویش ئەیزانین یەکێتی چاکە
دووکەس یەک کەوێ سێ کەس غەمناکە
کە هەموو ئاشت بن بۆ تۆ چاکترە
هەر ڕۆژە خوانی لایێک حازرە
ئەوی بە «فریو» ئەگاتە پایە
شەیتان لە بەرگی فریشتە دایە
کاسبی چونکە دەعیەی تیا نییە
هیچ مەئموورێکی پێ ڕەزا نییە
من وا مەعاشی تەقاویتیەکەم
ئەمبا بەڕێوە بێ زیاد و کەم
هەوای «بۆنژۆر» و نەشئەی تەمەننا
خستوومیە گێژی تەقە و تەقەللا
زەیستان لەسەر کاسە سوێند ئەخوا
کەچی چلەی چوو عوزری تر ناشوا
ئای بۆ ئەوانەی لە تەماع پاکن
لە ناحساب و حساب بێ باکن
ئەگەر سەربانت درزی نەدابێ
دڵۆپە ئەبێ لە کوێ پەیدا بێ
حەیفە کای تازە ببرێ بۆ سەربان
هەر پاش ئاخوڕە ئەبێ بە کای بان