وا گردبونەوە پایزە براکان

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  894 مشاهده
وا گردبونەوە پایزە براکان
بەڵکو یەک کەون هیممەتی چاکان
بەڵام وەک ئاردی ناو دڕک وایە
برایش لەگەڵ یەک نایێنە کایە
خۆوڵاتیمان بۆچ لا چا نابێ
گوێلکی خۆماڵی بۆچ بە «گا» نابێ
مەڵێن شیلاوگ مایەی پەنیرە
فیتنە هەوێنی نۆ قازان شیرە
مەدحی ڕووبەڕوو پیاو ئەدا بە شوو
زۆر دۆستی سەر نان بە دوژمن دەرچوو
خوا مووسا بۆ سەر فیرعەون ئەنێرێ
کەچی جارجار مەڕ بە گورگ ئەسپێرێ
پیاو بۆ بۆرەپیاو ڕۆحی خۆی سەرف کرد
کەچی پێی دەگوت بە دەردی خۆی مرد
ئەو کانیەی ئاوی لێ دەخۆینەوە
بە نابەکاری پڕیەکەینەوە
سیاسەت پیشەی ئاغای بێ ڕیشە
بۆیە گەلێ پیاو بێ ڕیش و ئیشە
زۆر ڕیش و سمێڵ تاشراو وەک ئەوان
خۆزگە ڕیش ئەبوو بە مۆدەی ژنان
ئۆخەی ژنان بوون بە گەورەی گەڕەک
ئەبێ دەستەی تر بچنە بەر خەڕەک
ئەنجا هەندێکیان چۆنی دەڕێسن
لەگەڵ گوێ چەنە بەرزە بڵێسن
بە نارنارۆکە سەر دەلەقێنن
دەم بۆ پارووی خەڵک دادەچەقێنن
ئاخ خوێندەواری فریامان کەوە
بۆ عالەم ڕۆژە بۆ ئێمە شەوە!