ئینسان لە نیسیان دروست کراوە
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1232 مشاهده
ئینسان لە نیسیان دروست کراوە
پەردەی غەفڵەتی پێدا کێشراوە
بۆیە کە هاتە سەر کورسی مەسنەد
وا دەزانێ قەد، ناجووڵێ ئەبەد
کە یەکێ دەبەین بۆ گردی سەیوان
لەوێ دەست ئەکەین بە شین و گریان
کە گۆڕخانەمان لە پێش چاو گوم بوو
بە هەناسەیەک مەرگمان لە بیر چوو
باشە با بڵێین لە مەرگ ناترسین
لە دڵ ئازاری بۆچی نەپرسین
ئەوانەی ئەمڕۆ بە دوومانەوەن
لەگەڵ لێ کەوتین غەیبەت گێڕەوەن
پیاو ئەو پیاوەیە بە چاکە پیاو بێ
نەک بە وەزیفە ناوی بە ناو بێ
هی وامان هەیە گەییە ئاسمان
کە هاتە خوارێ کەوتە بەر زمان
ئێستا ئەوانەی کە دەڵێن ئەزم
بە چێوی دیوان وا هەڵدەبەزم
کە بەرگی کاریان نەما لە بەردا
کەس و کار پێیان ئەنێن بەسەردا