شوهرەت ئافەتە و شوهرەت فەڕەنگیی
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
927 مشاهده
شوهرەت ئافەتە و شوهرەت فەڕەنگیی
زۆربڵێ نەگبەت، عیززەت بێدەنگیی
تێهەڵچوو دائیم سەر لە بەڵایە
گۆشەگیر هەرگیز کێشی بەرنایە
شەرخۆش بە، بەڵام دەنگت دەرنەیە
دڵت گەرم بێ و کزەت لێ نەیە
بەوە دڵخۆش بە، کە لێت بپچڕن
نەک پارەت بەنێ و مەردیت بکڕن
تا تاڵ و سوێری دنیا نەچێژی
هەرچیت هاتە دەم ئەوە ئەیێژی
بە قاڵ کراوی کە هاتیە کایە
گوێزت لێ بارکەن خڕەت لێ نایە
ئەگەر ڕەفیقت کەوت دەستی بگرە
هەرچی بێ ئەویش ئەوەی لە فکرە
بەڵام بۆرەپیاو بە هیچ نازانێ
قەدری مەگرە، بە لەتە نانێ
هەندێ کەوتوونە سەودای مەبعووسی
زۆریان هەوڵ دا خودا نەینووسی
ئەم جارە نۆرەی تازە قەڵدایە
بگرە و بەردەیە، هەوڵ و هەڵدایە
خەڵک وا دەزانن بە دەست ئێرەیە
هەر ئەو خەرمانە و هەر ئەو گێرەیە
گای بنە وەک گای ژێر زەمین بەندە
بە ئێمە ناڵێن: کەرت بە چەندە
باز هەڵدەن «مەبعووس» پێی بێتە کایە
بەڵام باز چاوی لە گۆشتی گایە