وا دەڵێن: ئادار ناڕوا بە بێ دۆ

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  912 مشاهده
وا دەڵێن: ئادار ناڕوا بە بێ دۆ
دوای ئەو نیسانیش ناڕوا بە بێ جۆ
بارانی نیسان جۆی خستە دواوە
با ڕەحمەتیش بێ تامی نەماوە
پاشکەوتنی جۆ بە کەم مەژمێرە
خواردنی چوارپێ و دووپێیە لێرە
دووپێ بە چوارپێ ئەڵێ ڕووبەڕوو
نوخشە بێ لە تۆش نوخشەمان دەرچوو
باران سێپەڕەی گەیاندە خایە
نانی چوارپێکان وا لە ڕۆنایە
چوارپێ لە دووپێی بەدخوو چاکترە
بە «جۆ» هەڵ دەکا و دڵی پاکترە
ستەمگەر کە مرد خاک نایگرێتە خۆ
بە دڵ خوا شوکر، بە دەم ئاغا ڕۆ
وا شەمەندەفەر بوو بە هی خۆمان
تا وەفد زۆر بێ قازانجە بۆمان
توججار هەموو چوون شێخیان لە تەکدا
ئەڵێن: «هەمچونین بڕۆ تا بەغدا»
ناوی وەفدمان هێندە لا خۆشە
هەر بڵێن: وەفدە، زۆر کەس بە جۆشە
ئەگینە هەمزە لە هەباسی چی
چرچە قەڵایی لە مۆریاسی چی
زۆر لە بارانی نیسان ڕادەکا
بە دەنگی بۆمبا خەڵک سەما دەکا!