وا ڕەمەزان دێ ئەبێ بە کوێخا
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1312 مشاهده
وا ڕەمەزان دێ ئەبێ بە کوێخا
پەکی کەشکەک و گیپەکەم ئەخا
ئەگەر من بڵێم: ڕەمەزان نییە
کێ لێم دەپرسێ جەزاکەم چییە؟
چونکو گوناهی لەوە گەورەتر
ئەمەندە زۆرە بە باری حوشتر
باقڵ دەچینە پەردەی ئیعتیکاف
جنۆکە دەبەن بۆ پشت کێوی قاف
نەوەڵڵا ڕەست و داو هێند گرانە
بە قەد ڕکاتی تەراویحمانە
تاریکە شەوە و ئەحزاب لە ناوە
«ڕەمەزان» بە جەنگ، «سەفەر» بەدناوە
لە ئەفریقادا بووە بە گەردەش
دونیا شێواوە وەک مووی قولەڕەش
جاران جوولەکە خومی ئەشێوا
ئەکەوتە درۆ و قوڕی دەپێوا
ئێستا بێ ئەوەی کە خوم بشێوێ
درۆی وا دەکەین بە قەدەر کێوێ
ئەڵێن: بۆ مەئموور مەنشوور دراوە
خاتر و خۆتر بۆ کەس نەماوە
کەچی پێکوڕە داشی دامەیە
نازانین تەقی و شەقی کامەیە