چوار کتێبی خوا چوار پەندی تیایە

از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  2467 مشاهده
چوار کتێبی خوا چوار پەندی تیایە
کە گوێی لێبگرن وەکو کیمیایە
تەوڕات وتوویە قانع بی تێری
زەبوور وتوویە بێدەنگ بی شێری
ئینجیلیش ئەڵێ: تۆ دەرکەنار بە
لە دڵەخورپەی دنیا ڕزگار بە
قورئان فەرموویە پشت بەخوا بەستە
ئەتخاتە ڕێی ڕاست ئەوسایە بەستە
دوژمن بە چاکە ئاشت ئەبێتەوە
سەهۆڵ بە ئاوی گەرم ئەتوێتەوە
کە لەگەڵ بەدا هەڵسی و دانیشی
وەک شەکر لە جێی تەڕ هەو دەکێشی
ئەمەندە وێڵی بەرگ و خۆراکین
نازانین خۆمان خۆراکی خاکین
کە وتیان مەکە شێتگیرتر دەبین
حەرام بەتامە بۆ شەیتان ئەژین
شەیتان هەنگوینی لە دەممان هەڵسوو
بۆیە ئەم خەڵکە بەگژ یەکا چوو
ئاردی ناو دڕک چۆنە وان ئێرە
فەرموو دوو دەستەی دۆست هەڵبژێرە
پێکەوە ناڕۆین لە ڕێی ڕاستەوە
خوا ئەوە بگرێ شاری گواستەوە
بناغەی ئێرە ساڵی دووسەدە
وا دەردەکەوێ خاکەکەی بەدە
ئەگینە کە شار قەڵاچوالان بوو
دوانزە سوارەیان مەردی مەیدان بوو
ئێستا کە مەیدان بە سەر گوێلاکە
هەر مڕەمڕە شەڕی سەر لاکە