کە بووی بە حەڵقەی بەردەرگای خەڵقی
از کتاب:
پەندەکانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
2178 مشاهده
کە بووی بە حەڵقەی بەردەرگای خەڵقی
بەسەرتا ئەدەن لەبەر بێ کەڵکی
دوای تەنگانەیی زۆر ئازادییە
«شینی»ی شین زۆر جار «شینی»ی شادییە
کفرەحمەد تامرد قسەی لە خوا کرد
بەو حەقە لای حەق ئیمانی دەربرد
سۆفی ئارەقی لەلا حەرامە
لای من قاچاغ بێ ئەوسا بەتامە
نێرگەلەی تووتنی عەجەم ئەکێشم
دووکێش و هووکێش خوێشی دەروێشم
ئاسمان ئاهی بێکەس شینی کرد
زەیل جێی ئەستێرەی کلداری گرت
بێدەست تێی گوشێ زۆردارێ بیخوا
دەستی لێ مەدەن لە کردەوەی خوا
گەلاوێژ هەڵات شەوقی ئەگڕێ
بەرگی فەقیر و هەژار ئەدڕێ
کە بە ڕۆژ چرای نەوت بسووتێنین
لە تاریکیدا دۆش دادەمێنین
کە بە ئاوی پاک باخچە ئاو ئەدەین
لە تینوێتیدا دەم پێکا ئەدەین
ئەڵێن: ئەم بەفرە لە پێشدا ئارد بوو
قوونیان پێ سڕی بێ پێز و سارد بوو
زیندوو بووەوە ڕاتبەی مەلایان
یاخوا ئەم جارە تا سەر بێ بۆیان
من خەستەی مار و مێرووم لەبەر بوو
هەر لەم خاکەدا میری تورک میر بوو