لە سایەی ماچی لێوت مەیلی عەنناب و شەکەر ناکەم
از کتاب:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
اثر:
احمد مختار جاف (1896-1935)
1 دقیقه
2002 مشاهده
لە سایەی ماچی لێوت مەیلی عەنناب و شەکەر ناکەم
کە ڕووی تۆ دەرکەوێ قەت ڕوو لە ڕووی شەمس و قەمەر ناکەم
ئەگەر بێت و گەدایی کۆیی دڵدارم بە قیسمەت بێ
بە دڵ بادی شەهنشاهی و سوپاهـ و کەڕڕوفەڕ ناکەم
خوا بیکا ئەگەر ڕۆژێ قەدەم بێنێتە سەر چاوم
تەنەززول بۆ جەواهیرسورمە و کوحلولبەسەر ناکەم
بە تیغی ئەبرووانی خۆی ئیشارەی کرد کە بۆ قەتڵم
لەبەر ئەو موژدە ئەسڵەن مەیلی قەڵغان و سوپەر ناکەم
قەلەندەر مەشرەبی و دێوانەیی خۆشە لە دنیادا
بە فەقری خۆم ڕەزام ئەسڵەن خەیاڵی زیو و زەڕ ناکەم
نزیکیی پیاوی ئەحمەق باعیسی فەوتانی ئینسانە
هەتا عومرم ببێ قەت من ڕەفیقیی پیاوی کەر ناکەم
کە من مائیل بە خێرم خیلقەتەن ئەحمەدتخلص بەخۆڕایی
وەکوو ئینسانی جاهیل مەیلی فیتنە و شۆڕ و شەڕ ناکەم