ڕۆژێک بەیانی بەر لە خۆرهەڵات
مامەی لادێی
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
2 دقیقه
839 مشاهده
ڕۆژێک بەیانی بەر لە خۆرهەڵات
مامە لادێی ڕوو بەرەو شار هات
کەم هێز و ماندوو کفت و شەکەت بوو
سەر و ڕیش بە تۆز دڵ پڕ خەفەت بوو
سڵاوی کرد لێم، وەڵام سەد سڵاو
زۆر بەخێر هاتی مامی قەد چەماو
- بۆچ وا پەشێوی چیت لێ قەوماوە
نەژدە لێی دای یان ماڵت سووتاوە؟
- نە نەژدە لێی دام نە ماڵ سووتاوم
بۆ خزمەت شێخە یەکجار بەتاوم
- مەبەستت کام شێخە؟ «حاجی شێخ بابە»
شێخ و مەشایەخ عالی جەنابە!
- بۆچ وا بە پەلە. وا بێ ئارامی
- هەر بۆ زیارت زاتی کیرامی!
کوڕم نەخۆشە هاتووم بۆ نووشتە
بۆ هەموو دەردێک دەرمانی گشتە!
- دیارە ئەرکی ڕێی دوورت کێشاوە
دیاری و بەراتت بۆ شێخ هێناوە؟
- هەرچی بۆی بەرم بۆ شێخ شایستە
چونکە لە لای خوا زۆر خۆشەویستە
دوعای یەک بە یەک وەک پەنسلینە،
دەرمانی هەموو دەرد و برینە!
پێم گوت: مامە گیان توو بەشقی خودا
کەی بۆتە دەرمان کشتەک و دوعا
کوڕەکەت بەرە بۆ نەخۆشخانە،
هەموو پزیشکە و پڕ لە دەرمانە
دوکتور بیبینێ دەردی دەزانێ
زوو چاری دەکا زۆر بە ئاسانی
کەی نووشتە و کەشتەک دەرمانی دەردە
تاکەی تێ ناگا خوایە ئەم دەردە؟!
پێم گوت مامە گیان حاجی شێص بابا
ئەو زاتەی بێ بەش لە هەموو بابا
غەیری دەست بڕین بە فریب بردن
سوێندت بۆ دەخۆم چی بۆ نەکردن
بۆ خۆی نەخۆش بێ شێخی جادوو کەر
بۆ نەخۆشخانە ڕادەکا یەکسەر
ئەی بۆ چی بۆ خۆی ڕۆژێک لە ڕۆژان
کەشتەک و دوعا ناکا بە دەرمان؟!
فەرموو با بچین بۆ نەخۆشخانە،
بۆ خزمەت شێخی ورگ هەمانە
ئەوە چەند ڕۆژە بۆ چارە و دەرمان
لەوێ کەوتووە شێخی هیچ نەزان
مامە کە بینی لە نەخۆشخانە
شێخیش موحتاجی دەوا و دەرمانە
مامەی لادێیی لە شوێن خۆی وەستا
کە شێخی بینی مات بوو حەپەسا
گوتی: سەد لەعنەت لەو شێخ و پیرە
لە پەنای دیندا پیشەی تەزویرە!