ڤینۆس وێنەی خۆی کێشا بە جوانی

ڤینۆس
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
 2 دقیقه  1137 مشاهده
ڤینۆس وێنەی خۆی کێشا بە جوانی
تەنیا ناوی خۆی نابوو «خوای جوانی»
ڕۆژێک بە ڕێککەوت لە ڕێگوزارێ
چاوی هەڵ ئەنگوت لە نەو نیگارێ
هێزی پێی نەما هەنگاو هەڵێنێ
ویستی ڕوو بە ڕوو خۆی بۆ بنوێنێ
ئەوساکە وەستا بەرامبەر بە تۆ
تۆقی بەندەیی تۆی خستە ئەستۆ
سەری دانەواند وەک سەروی سەرکەش
ڕووی سووری زەرد بوو وەک سێوی دڵ ڕەش
لە شۆخی و شەنگی تۆ شەرمەزار بوو
لە بڕیاری خۆی گەلێ بێزار بوو
گوتی: کیژۆڵە پەپوولەی بێگەرد
بژی بە شادی بێ ئازار و دەرد
بە وێنەی خونچە دەمت کردەوە،
گرەوی جوانیت لە من بردەوە!
بەلقیس و جولێت، شیرین و لەیلا
بۆ کەنیزەییت هاتنە بەر دەرگا
سوێند بە یەزدان و زەند و ئاوێستا
نەم دیوە جوانێک وەک تۆ تا ئێستا
منیش بەم هەموو عیشوە و نازەوە
بەم هەموو نازی بێ ئەندازەوە!
ئەم توانی پیرێک بەند کەم لە داوم
مل کەچ بوەستێ بۆ سیحری چاوم
هەر چەند جوانترین کیژی فەڕەنگی
کە هاوتات نییە لە شۆخ و شەنگی
تۆ وەک من نەکەی لە ڕووی نەزانی
خۆت بە پێشەوای جوانان بزانی
ئەتۆش بەرامبەر نازداری کوردان
دەبیتە گوڵاڵەی مانگی جۆزەردان
گەر گەشتێ بکەی لە کوردستانا
بەناو گوڵزار و باخ و بۆستانا!
پۆل پۆل دەبینی کیژی شۆخ و شەنگ
بێ لاف و گەزاف، بێ هەست و بێ دەنگ
هەر کام یەک لەوان ناسکتر لە گوڵ
پەرچەم سوسن و ئەگریجەی سونبول
ئەوان جوانترین کیژی جیهانن
بێ کل و کلدان، میکیاج نازانن
گفتوگۆ شیرین، پاک خوو و ڕەوشتن
نموونەی جوانی دەستی سروشتن
نازدار و دولبەر هەم دڵ شکێنن
باجی تەماشا لە چاو دەستێنن!
بەڵام داخەکەم چەرخی بەد پیشە
ڕەشپۆشی بۆ وان کردۆتە پیشە
زیزن لە داخی مەرگی ئازیزان
زستان و بەهار، هاوین، پاییزان!
لە هەر چوار وەرزا دیلی بێ دادین،
بێ بەش لە خۆشی و شادی و ئازادین!