ئارایشی خۆی داوە چەمەن وەرزی بەهارە

وەرزی بەهار
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
 1 دقیقه  965 مشاهده
ئارایشی خۆی داوە چەمەن وەرزی بەهارە
بووکی گوڵە ئامادەیە، دامادی هوزارە
بنوارە کە وێنەی هونەری دەستی سروشتە
ئەم دەشت و کەژە گوڵ گوڵ و ڕەنگین و نیگارە
بەیبوون و بنەوشە بە جیا سونبوول و سووسن
وەک پەرچەمی یارە بەرەزا وا لە نەزارە
شەونم مەیە، نێرگز قەدەحە، لالە سوراحی
دار و دەوەن و دەشت و چیا مەست و خومارە
گۆرانییە، ئاهەنگە، چ بەزمێکە لە گوڵزار
قومری بە نەواو ناڵەیە چۆپی لە چنارە
ئاهیستە نەسیم دێت و دەبزوێنێ گەڵای دار
شاباشی دەکا گەوهەر و مرواری بە بارە
لوئ لوئ دەڕژێنێ لە دەر و پشتی بنەوشە،
بەخشەندەیە گوڵ یەعنی کە دڵسۆزی هەژارە!
مەیگێڕ چ دەبێ ئیمشۆ ئەگەر کۆڕێ ببەستین
لەم باخە کە وەک جەننەتە جێی مەسکەنی یارە
ئەم شارە کچی حۆرییە کوڕیان هەموو غیلمان
سەیری کە هەمووی شاد و گەش و خەندە لە زارە
دوور بی لە بەڵا و ئافەتی ناوەختی زەمانە
ئەم خاک و گەلی کوردە نەیاری بە هەزارە
ساقی قەدەحی مەست و خومارم کە هەمیشە،
دوور بم لە خەم و جەور و جەفا و دەرد و پەژارە