ئەمڕۆ ڕۆژێکە کە وا تێپەڕ دەبێ ڕۆژی چلەی
بۆ چلەی خوالێخۆشبوو هونەرمەند تایەر تۆفێق
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
2 دقیقه
963 مشاهده
ئەمڕۆ ڕۆژێکە کە وا تێپەڕ دەبێ ڕۆژی چلەی
چونکە هەر لەم ڕۆژەدا وەستا لە لێدان ئەو دڵەی
ئەو دڵە پڕ سۆز و پڕ جۆش و چریکەی بولبولەی
نیشتمان بوو خواستی ئەو خستبوویە شوێنی ئەو گوڵەی
نامرێ دەنگی دەمێنێ تایەری خۆش خوانی من
ژین و مەرگ حاجی دەڵێت وێنەی هەتاو و سایەیە
ئەو کەسەی خووی چاکی کردە پیشە بۆی سەرمایەیە
خۆشەویستی کۆمەڵە هەردەم لە بەرزی پایەیە
کردەوەی چاکی پەسەندە جێی ڕەزای ئەو خوایەیە
نامرێ دەنگی دەمێنێ تایەری خۆش خوانی من
ئەو کەسە زانایە گەر ڕۆژانی ژین بایی نەبێ
تووشی بێ ڕێزی و هەڵە و شێوان و سەودایی نەبێ
گەر لە ماوەی ژینیا چەند پێش کەوێ بایی نەبێ
زۆر دەبێ ئاگای لە خۆی بێ تووشی ڕیسوایی نەبێ
نامرێ دەنگی دەمێنێ تایەری خۆش خوانی من
زۆر هەژاری چەشت لە ژیندا ماوەیێکیش ڕای بوارد
مل کەچی بۆ کەس نەکرد تا ڕۆژێ هات گیانی سپارد
یارمەتی داوا نەکرد و خواستی بۆ لای کەس نەنارد
خۆی لە بۆ خۆی هان دەدا بۆ پیاوەتی خۆی هەڵبژارد
نامرێ دەنگی دەمێنێ تایەری خۆش خوانی من
کۆڕی شینی بۆ دەگێڕێت هەر کەسێ کۆڵی نەدا
هەر کەسێکی تاکوو مردن قەت لە ڕێی ڕاست لای نەدا
هەر کەسێک وابوو لە ماوەی ژینیا خۆی بانەدا
ئافەرین بۆ ئەو کەسە بۆ دەست بڕین خۆی هەڵ نەدا
نامرێ دەنگی دەمێنێ تایەری خۆش خوانی من
سەد دروود و سەد سەڵاوم بێ لە گیانی پاکی تۆ
دەستەیێ گوڵ پێشکەشی سەر گۆڕەکە و سەر خاکی تۆ
ئافەرین سەد ئافەرین بۆ هەست و نەستی چاکی تۆ
خوایە ڕەحمەت ڕێژی کا سەرگۆڕی باوک و دایکی تۆ
نامرێ دەنگی دەمێنێ تایەری خۆش خوانی من