قەد و باڵای شۆخت بێ بەڵا بێ

بەرژەوەندی
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
 1 دقیقه  854 مشاهده
قەد و باڵای شۆخت بێ بەڵا بێ
کەسێک گەر وا نە بێژێ بەر بەڵا بێ
لە چاو و زاری بەدکاران بە دوور بێ
لە ژێر سایەیی باڵی هوما بێ
ئەوەی خۆشت نەویست دژ بەو دوعاکە
بە دەردی خودپەسەندی موبتەلا بێ
ئەوە مەردە هەموو دەم دژ بوەستێ
لە هەر بڕیار و کارێک نا ڕەوا بێ
لە پێناو بەرژەوەندیی ئادەمیزاد
مەبەستت هەر ڕەزامەندیی خودا بێ
ڕەوشتی بەرز و هۆگر بوون بە چاکە
لە ماوەی ژین کەسێک پێی ئاشنا بێ
ئەوە پاداشتی کرداری پەسەندە
لە تاریکی شەوا شوعلەی چرا بێ
ئەوەی ئاژاوە خواز و بەدڕەوشتە
هەموو دەم بەندی زیندانی سزا بێ