گوێ لە نەی بگرە کە نەیژەن فوو دەکا
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
1 دقیقه
936 مشاهده
گوێ لە نەی بگرە کە نەیژەن فوو دەکا
ڕاست دەبێژێ باسی ڕابردوو دەکا!
پێت دەڵێ: ئەم ڕۆژگارەی بێ وەفا
ڕوو ڕەشێکە هەر شەوێک سەد شوو دەکا
کامیرایێکی لە دەست وەک وێنەگر،
پێچەوانە ڕاستیی ئاوە ژوو دەکا!
چاکە هوشیاری بی نەکەوی یە داوی ئەو
بێ گومان تۆیش چەشنی خۆی بەدخوو دەکا
تیخی بۆ چاکە کولە هیچ نابڕێ
بۆ خراپی هێندە تیژە موو دەکا
ئاشنا نابێ بە کەس تا ئەو کەسەش
هەر وەکوو خۆی سووک و بێ ئابڕوو دەکا
بێ شەنە ئەیداتە دەم با کا و دان،
وەک سەپانێک گشتی تاوو توو دەکا
خۆی دەپارێزێ هەمیشە ئەو کەسەی
وەک موتاڵای لاپەڕەی مێژوو دەکا
عیززەتی نەفس و کەرامەت سەروەتە،
ناوی چاکە مردووان زیندوو دەکا!
ڕێگەیێکی بێ پەنا و پێچ بگرە بەر
پیاوی مەرد لەو ڕێگە هاتوو چوو دەکا
بەد ڕەوشتی ڕوو بە وێرانکاریی یە
کوندە بۆیە خاوەنی کوو کوو دەکا
ئەم جیهانەی سپڵە پەروەر ئاوسە
هەر بە دەنگی ئاخ و ئۆف بێزوو دەکا
خوو ڕەوشتی بەرز و یەکبوون بێ گومان
ڕێ نومایی چینی داهاتوو دەکا!