ئافرەتێکم لە خەوا دی کز و ڕەنگ زەرد و نەخۆش
خەون و خەو
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
2 دقیقه
1009 مشاهده
ئافرەتێکم لە خەوا دی کز و ڕەنگ زەرد و نەخۆش
پەست و دڵگیر بوو کە فرمێسکی دەڕشت زۆر بە پەرۆش
گوتم: ئەی خوشکی بەڕێزم چییە هاوار و گرین!
بۆ چی کردۆتە بەرت بەرگی ڕەشی ماتەم و شین
گوتی: نازانی مەگەر بۆ چی بەسەرهاتی من
شین و ڕۆڕۆیە هەموو وەخت و دەم و کاتی من؟
ئێستە نام ناسییەوە من کچەکەی کەرکووکم
خاوەنی ناز و نیاز بووم ئەویستا چووکم!
ڕەنگ و ڕووم زەرد بووە دووچاری پەژارە و دەردم
من لە کەم هەستی و بەدبەختی لە عالەم فەردم
وا خەریکن بە هەموو شێوە بگۆڕن ناوم
چونکە بەم ناوە کە ئێستاکە هەمە ناسراوم
من بەشێکی وەتەنی کوردم و کوردستانم
خاوەنی مێژووەکی کۆن هەزار داستانم!
گوتم: ئەی کچ بەسە پێویست نیە گریان و شین
دڵنیا بە هەموو تیمار دەکرێن زام و برین
شەقڵم لێ داوە بە کوردی لە هەموو دەشت و بەنت
ناتوانن بە درۆ و ساختە بگۆڕن ڕەسەنت!
وا مەزانە نەتەوەی کورد کە لە تۆ بێ خەبەرن
هێندە ئارام بە هەتا بەم زووە یەکتر دەگرن!
چاک دەزانن لە هەموو لاوە نیازی بەدکار
هەر خەریکن کە لە ڕەگ بێنە دەر کوردی هەژار
تۆ کە تەنیا نی دەناڵێنی لە دەست داگیرکەر
موبتەلایە وەکو تۆ خاک و ووڵاتمان یەکسەر
بەچە شێران، کوڕی کورد، زێدە بە قین و قاڕن
تووڕنە، داخ لە دڵ و دوژمنی بەد ڕەفتارن!
هەر بە کاتێکی لەت و پەت دەکرێن دوژمنی تۆ
قەڵ و داڵ هێزی نییە دەرچێ لە دەست باز و هەڵۆ
لە چەپ و ڕاست کە پەلامار دەدرێن خوار و ژوور
تا بە سەر شۆڕی هەموو ڕادەکەنە دوور لە سنوور
ئەو دەمە شاد بە ئە تۆ بەرگی ڕەشت دا بکەنە
هەر بە ڕوو سووری لە باخت گوڵی هیوا بچنە
خەبەرم بۆوە بە سەرسامی یەوە نیوە شەوە
تێ گەیشتم ئەمە هۆشیاری نییە خەون و خەوە!