جیهانم پشکنیوە

از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
 2 دقیقه  2851 مشاهده
جیهانم پشکنیوە،
نازدار جوانم زۆر دیوە
بەڵام وەک تۆ نازەنین
نەمدی لەسەر ڕووی زەمین
نە گوڵی نە هوزاری
جوان و شیرین ڕەفتاری
بڵێم فرشتەی ئەو نی
دەنگت خۆشە وەک کەو نی
نە شاهێنی نە بازی
نە کۆتری تەقڵە بازی
نە ساحیری نە جادوو
دڵ و دینمت چۆن برد توو
نە وەک ماهی تابانی
نە ئەستێرەی بەیانی
گەلاوێژی هەڵاتووی
پێرووی یا نە ترازووی؟
نە پێرووی نە گەلاوێژ
بێ تیخ و بێ چەک خوێن ڕێژ
نە وەک شاهی سەر تەختی
نە وەک گوڵی نەو بەختی
نە سێوی نە هەناری
نە سەرووی نە چناری
شۆخ و شەنگ و شیرینی
فریشتەی ڕووی زەمینی
نە وەک مۆدەی فەڕەنسەی
نە کچی نازداری نەمسەی
نە ئادەمی نە پەری
نە وەک کچی کۆچەری
بەم ئاوات و نیازە
بەم دەنگ و ئاوازە
کیژێ تۆم دی وام زانی
تۆ کچی کوردستانی
بە یەزدان و بە زەردەشت
بەو فریشتانەی بەهەشت
ئەگەر ئەوی بە ڕاستی
ڕزگار دەبم لە پەستی
نازدارەی ماهـ ڕۆخسار،
ئەوەی بیست هاتە گوفتار
لە سەرەتا تا ئەنجام،
وەهای پێ گوتم وەرام
من گۆران و تۆ کرمانج
هەر دوو بۆ شوێن یەک ئامانج
هەر دەڕۆین و پێ ناگەین
هەر دەڵێین و تێ ناگەین
شێوەی ئەم گفتوگۆیە،
لاوی کورد ڕەنجەڕۆیە!
نە لە یەک دەگەین
نە بە یەک دەگەین!