هەر کەسێکی دژ بە گەل یان نیشتمان جوولایەوە

شەرمەزاری
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
 1 دقیقه  955 مشاهده
هەر کەسێکی دژ بە گەل یان نیشتمان جوولایەوە
کۆچی کرد ڕۆیی لە مێژوو ڕوو ڕەشی بۆ مایەوە
ئافەرین بۆ ئەو جوانمەردەی لە ژین کۆڵی نەدا
کردەوەی بەرزی لە دەفتەر یەک بە یەک خوێندرایەوە
ماڵ و دارایی جیهان هەرگیز بەرامبەر ناکرێ
وەک شەهادەت نامەکەی لاوێک بە خوێن نووسرایەوە
یادی سەربازێکی وون بوو بوو لە کۆڕی جەنگدا
شاهیدی ڕێز گرتنە گۆڕی بە گوڵ ڕازایەوە!
هەر لە ڕۆژێکی گەلان هەستیان بە ماف کرد ڕاپەڕین
ئەم شەڕ و شۆڕەی کە هەر نابڕێتەوە و نەبڕایەوە!
ئاگری ژێر کای تەمەع کە دەستی لێ هەڵ ناگری
ساڵەهای ساڵە دەسووتێ بۆ چی هەر نەکوژایەوە
ڕاستی و حەق گەر هەبێ هەر وا سنوورێکی هەیە
نەچووە ژێر باری کەسێک بۆیە بەبێ کەس مایەوە
هەر کەسێک بۆ خۆی نەژی هەر وەک دەڵێن خوا بیکوژێ
هەر وەکوو ئەو مریشکەیە حاجی کە بۆی گێڕایەوە!