جاری جاران پرچ و زوڵفی دولبەران

از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
 1 دقیقه  1179 مشاهده
جاری جاران پرچ و زوڵفی دولبەران
وەک حەشارگە و لانەیەک بوون بۆ دڵان
گەر بتۆرێت دڵ پەنا بۆ کوێ ببات
ئێستە پرچی لوول نەمان هەڵ پاچران
با لە گوڵزاری ببێتە نیشتەجێ
لانەیەک ساز کا لە سەر پۆپی چڵان
بولبول ئاسا با بکا شیوەن لە باغ
با بزانی دڵ ڕەقن ڕوومەت گوڵان
زۆر لەمێژە گوڵ کە خۆی فێر کردووە
پێکەنینی دێت بە ناڵەی بولبولان
بەختیاریت ڕۆژێ گەر بۆت ڕێک کەوێ
دەم لە سەر دەم دەست بخەیتە سەر ملان
لافی دڵداری بەبێ مەشق لێ مەدە
چەند سوار چاکان لە مەیدانا گلان
پیاوەتی و عەهد و وەفا جاران هەبوون
ئێستە بێ سوودن لە ناوان دەرکران!