بە یادی بەژن و باڵات تاکوو کەی دڵخوازی باڵا بم
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
1 دقیقه
1535 مشاهده
بە یادی بەژن و باڵات تاکوو کەی دڵخوازی باڵا بم
بەبێ تاوان وەکوو یوسف لە زیندانی زولەیخا بم
هەمیشە من لە تۆ نێزێکترم ڕووت هەر لەبەر چاوە
لە تاریکی شەوی تەنیاییا من بێ چرا نابم
دڵی سەرکەش دەزانم چی دەوێ ئەنجام نەزانینە
لە بۆ قەندی مەمت گەر من وەکوو منداڵی ساوا بم
چەشەم گەر خاڵی گۆنات بێ لەلام خۆشە هەتا مردن
لە بەند و کۆت و زنجیر و کەمەندی زۆڵفی تۆ دابم
ئەمەندەم دەردی دووری چەشتووە مەرج و بەڵێن وابێ
ئەگەر بمرم ئەگینا تاکوو ماوم لێت جودا نابم
خومارە، شەڕ فرۆشە، فیتنە بازە، مەست و ئاڵۆزە
شەو و ڕۆژ قەت لە سیحری چاوەکانت دڵنیا نابم
گوتم ماچی دەمت نرخی چییە گیانت دەوێ فەرموو
گوتی: پێم ناکرێ عەونیتخلص کە هەر سەرگەرمی سەودابم