خونچەی لێوی کردەوە وەک پێکەنی ئابڕوی تکا
از کتاب:
دیوانی عەونی
اثر:
عونی (1914-1992)
1 دقیقه
1316 مشاهده
خونچەی لێوی کردەوە وەک پێکەنی ئابڕوی تکا
چەند دڵۆپێک شەونمی شەرمی بەسەر روودا تکا
باخەوان شادبوو گوڵی بینی لە باخ پشکەوتوە
بولبولیش خۆی رەنجەڕۆ زانی دەبێ شیوەن بکا
هێندە بایی بوو بە ڕەنگ و ڕوو لەتافی جوانیا
تاکو وەیشوومەی خەزان لێ یدا لق و پۆپی شکا
تا نەڕەنجێ لێم زیاتر یاری ناسکتر لە گوڵ
لێ ی مەکەن هەرگیز تکا گەر دژ بەمن هەرچی بکا
خۆی دەزانێ دڵ کە پێکاوی نیگای چاوی ئەوە
دڵ ڕەقە ڕەحمی نی یە بڕوا مەکەن چی بۆ بکا
ئاشکرایە لای کە چەند خۆشم دەوێ سوودی نی یە
گەر ڕەقیبی سەگ سیفەت سەد هێندە بەدگۆیی بکا
پەرچەمی لادا لەسەر ڕووی وەک چرای دڵ تێگەیی
چەشنی پەروانە دەبێ شەو مەشقی مەرگی خۆی بکا