لەب شەکەر من تەزکەرەم ڕۆژی ئەزەل وەرگرتووە

غەزەل
از کتاب:
دیوانی موخلیس
اثر:
مخلص (1910-1985)
 2 دقیقه  837 مشاهده
لەب شەکەر من تەزکەرەم ڕۆژی ئەزەل وەرگرتووە
بۆچی ئەمڕۆ کە بێتاقەتم نادەیێ؟ چم کردووە؟
مەتڵەبت گەر ڕیشوەتە فەرموو ئەفەندم چت دەوێ
ماڵ و ئەولاد و سەری من وا لەپێش دەستی تووە
وانەکەی ئەمما ڕەقیب لەم مەسئەلە دەوری هەبی
چونکە زوڵم و مەکری هەروەک ئاغە واتان فێر بووە
نەقدی ڕۆحی من لەمن وەرئەگری بۆ تۆ خۆی ئەخوا
قەندی لێوی تووشی گەر وەرگرتبێ وایکردووە
دڵ کەوا مەئلوفی چاکەی وەسڵی تۆیە بەینێکە
چایەچی و چایەی نەدیوە سەبر و ئارامی چووە
هەرچی مەئمونی ئیدارەی حوسنی تۆیە یەک بە یەک
گەر بکەی کەشفی دەزانی هەرکە خائین دەرچووە
تۆ کەوا سوڵتانی، شاهم مەیلی زوڵمت گەر نەبی
دەفعەیێ پرسیار ئەکەی ڕەعیەت کەوا حاڵی کووە
سەیری ئەم گورگانەکە ئەم عاشقانە چۆن ئەخۆن
بێ خەبەر ماوە ئەمیرم، مەستە یاخۆ نوستووە
شاری تۆیە عاسیمە، بۆ شاری مەعشوقانی تر
عاسیمە جێی عەدلە جانا، زوڵمی کەی تێدابووە
گەر موسڵمانن بە فەخری ئەنبیاتان سوند دەدەم
گەر نەسارانە بە عیسا، کەی دیانەت وابووە
وایە عیشقی دولبەران دەخلی، بەسەر دیندا نییە
خۆت و ویژدانت تەماشا کەن چمان لێهاتووە
ئەی خودا هاوارە هەر خۆت زوو بەهاوارمان وەرە
گەر ئەتوو لوتفێ نەکەی دەستمان لە ڕووحمان شوشتووە
مەسئەلەی تەموینی عشقت غەدری زۆر تێدا هەیە
چەند کەسی وەک موخلیسی حەقداری مەحرووم کردووە