کاتی گوڵ و موڵ هاتەوە یەعنی کە بەهارە

بەهاری دەشتی فەراج
از کتاب:
دیوانی موخلیس
اثر:
مخلص (1910-1985)
 4 دقیقه  980 مشاهده
کاتی گوڵ و موڵ هاتەوە یەعنی کە بەهارە
بولبول دەچریکێنێ برینداری نیگارە
سەحرا وەکوو تاوس وەیە خەمڵیو دیارە
چۆن پڕبووە ئەمڕۆ لە کچی گوێ بە گوارە
کێ گەردەنی گەردەنلغی تێدا ئەوە یارە
پیر بوومە کەچی دەم دەمە دڵ دێتە خەیاڵان
سەرکێشی دەکا مەیلی لەبۆ لای کچ و کاڵان
مەست بووم لە قەراجی بە هەوای دیدە غەزالان
وەک جەننەتە ئەمڕۆکە لەبەر حۆری میسالان
هەڵدەستێ هەناسەم وەکوو دووکەڵ لە جغارە
چین چین کەدەچن وەک ڕەوە مامز لەبۆ سەرئاو
بەو پەرچەم و ئەگریجە و زوڵفی وەکوو خاوخاو
بەو قامەتی وا بەرز و شلک هەروەکوو لاولاو
هیچ حەق نییە لۆمەی بکرێ گەر بپسێ لاو
بۆ ڕاوی ئەوانە دڵەکەم چەندە سوارە
وەختێ کەلەسەر گۆمەوە گرددەبنەوە ئەمجا
ڕەنگ ڕەنگ لەهەموو ڕەنگەوە وەک حاجی لە حەجدا
ئەو کیژ و کوڕانە دەگەڕێن عاشق و شەیدا
هەر پارچە بەهەشتێکە لەوێندەر بووە پەیدا
خاڵی لەغەمە هەروەکوو ئەتڵەس لە ستارە
ورد ورد کە دەڕۆن بەم سەری پەنجانە چ شەنگن
چاوبازن و پڕنازن و غەمماز و چەلەنگن
لێویان لە تەبەسسوم و بە مەسەل غونچەیی تەنگن
دائیم بە برژانگ و بە برۆ مائیلی جەنگن
سینەم لەبرین پڕبووە دەرچوو لە ژمارە
بێری کە لەبۆ بێر دەچێ خۆی وا دەشلێنێ
وەک ئارەقە سەرتا بەقەدەم ناز دەڕژێنێ
عەییارە هومای پیر و جەوانان دەڕفێنێ
چۆن دەمری شوان بێری لەبەر بێر دەدوێنێ
جێی ئێمەیە سەر بێر لەشوان بێدە خەستارە
جۆت جۆت لەبەرامبەر یەکەوە مەشکە دەژێنن
هەر حەفت تەبەقەی ئەرز و سەما ڕادەهەژێنن
قاقا بە قسەی خۆشەوە یێک پێ دەکەنین
سونعی ئەزەلینە نەوەکوو سوورەتی چینن
بنواڕە ئەوەی کەمبەر دار چەند شەدەلارە
ئەو تاقمە مومتازە کە وا دێنە زیارەت
زۆر دوورنییە بێن جوملە مەلایک بە نەزارەت
هەڵدەسنەوە مردوو دەدەنە یەکدی بە شارەت
وەک دوژمنی دین وانە دەبن دین بە فەتارەت
بێکیان لەگەڵە وای لەگەڵم چەند بە پلارە
ئەم مەرقەدە ئەمڕۆکە وەکوو بەیتی خودایە
عالەم دەجمێ هەرکەسە مەشغووڵی دۆعایە
یاری بە وەفام ئەودەمە ئەمنی لە دڵایە
یاڕەب دڵی مەشکێنە دڵی قەت نەشکایە
مەخسووس لەهەموو جەوری زەمان بیدە چەپارە
ڕازایتەوە هەرکەس بەهەموو چەشنێ بەزینەت
وەک ڕۆژ دەتریسکێن هەموو لاوچاک و بە شەوکەت
کێ بێ کە بەتاس تاسی نەکەن نەیخەنە حیرەت
هەرکەس هەبێ زەوقی دەبێ مەجبوور بە مەحەببەت
جەرگی منی برژاندووە ئەو لاسەرەدارە
وەک یووسفی ساحێب حەشەم و جاهـ و جەلالن
تاقن لە مەلاحەت هەموو سوڵتانی جەماڵن
لێوئاڵی عەقیقن بە برۆ عەینی هیلالن
وەک ئەهلی بەهەشتن قسەخۆش و بە کەماڵن
کامەی کەمە سەر ڕوومەتی وەک دەنکی هەنارە
دەیکەم بە فیدای دەشت و قەراج پاری و لوبنان
پێشکێشی دەکا ئەهلی تەبییعەت هەموو ئێران
سەردەفتەرە لەم فەسڵە لەگەرمێن و لەکوێستان
جێی فەخرە لە ڕووی دوژمنەوە بۆ گەلی کوردان
نایدەن بە چ کەس تاوەکوو نەدرێن لەقەنارە
جێگایەکە وەک شامە لەخێر و بەرەکەتدا
بڕیاری لەیەک تاوەکوو سەد وادەبێ دەڕوا
گەنمی چ گەنم وەک گەنمی ئادەم و حەووا
جۆی بۆ ڕەشی وەک خاڵە لەسەر ڕوومەتی لەیلا
وەک زوڵفەکی شانە بکرێ وایە تەبارە
نانێکی هەیە لایقە بدرێ بەسەلاتین
تەنک و سپیە و لووسە وەکوو کاغەزی نووسین
ئاوی هەموو دەرمانە چ تاڵ بێت و چ شیرین
هێند خۆشە هەوای قەت بە چ کەس نایەتە تەخمین
ئەمڕۆکە لەبۆ خۆشی هەموو دێی وەکوو شارە
ئەو ئەهلەی لەوێندەر هەنە وەک حاتەمی تەی وان
دایم دەگەڕێن خەڵکی ببەن بیکەنە میوان
شۆراوە پیاڵە هەموو دەم حازرە فنجان
خۆیان بکوژن هەروەدەزانن کەمە هێشتان
دڵیان لە سەخا سافە بەبێ تۆز و غوبارە
موخلیستخلص کەوەها خۆی دەنوێنێ کەجەوانە
هەرچەندە کە شەوقی هەیە ئەمما بەزمانە
جارجارە کە مەشغول دەبێ بەم تەرزە قسانە
بۆ کەیفی دڵی مەجلیس و ئاساری زەمانە
چاوی لە دۆعای چاکەیە لەم دار و دیارە