نموونە

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  1008 مشاهده

من بەلامەوە وایە کە «نموونە» بۆ ئەو چەمکە جێگای خۆیەتی.

بەوێنە، وێنە بۆ ئەم «نموونە» وە یا «براعة الاستهلال»ە، لە هۆنراوەدا چامەکەی «نالیتخلص»یە کە لە بارەی سولەیمان پاشا و ئەحمەد پاشای بابانەوە بەم هۆنراوە دەست پێئەکا و ئەڵێ:

«تا فەلەک دەوری نەدا، سەد کەوکەبی ئاوا نەبوو»
«کەوکەبەی ماهی موبارەک، تەلعەتی پەیدا نەبوو»

وێنەیەکی تەواوە بۆی.

وە یا لە پەخشانا سەرەتای باسی ئەو هۆنەرانە کە «سەجادی» لە «مێژووی ئەدەبی کوردی»دا هێناویەتەوە بۆیان «نموونە»، وە یا «براعة الاستهلال» ن.

بەوێنە وەکوو لەسەرەتای باسی «حەمدی»دا ئەڵێ:

«قارەمانی سێهەمی مەیدانی شێعر لە بەرە بابی «صاحبقران»، پاسەوانی بەخەمی خەرمانی ئەدەب لەم دەورەی دوایی کوردان. پابەندی وردی مەعنا بە هەموو هێزێکیەوە، دڵبەندی پێزی قسە بە هەموو تینێکیەوە....»

دووەم کە چووە ناو باسەکە وردەوردە بە سەرە پیا بێت، زنجیرەی بیرەکەی نەپچڕێت. لە دەستپێکردنەکەیەوە بە خۆشی کە هاتووە بگاتە سەر بابەتەکە. لە بابەتەکەش بە داڕشتنێکی جوان لێی دەرچێت و ڕێگا ون نەکا.

هەرچەندە جاری وا ئەبێ کە لە ناوەندی باسەکەیا وە یا ڕستەکەیا بازئەدا بۆ شتێک کە هیچ پەیوەندی لەگەڵ باسەکەیا نییە - کە بەمە ئەڵێن «اقتضاب»-. ئەگەر هات و ئەو ڕستەیە کە کەوتۆتە ناوەندی باسەکەیەوە کەم بوو، ئەمە بەلای گەلێ لە زانایانی بەلاغەوە وەنەبێ ناشیرین بێ، بەڵکوو شیرینە، شیرینیەکەش لەبەر ئەوەیە گوێگر، گوێ بۆ باسەکەی ڕاگرتووە، لە ناکاو گوێ لە شتێکیتر ئەبێ، ئەسڵەمێتەوە، ئەم تەزوە هانی ئەدا بۆ ئەوە زیاتر هەستی بەلای قسەکەوە بچێت. وەکوو ئەوە یەکێکیتر بابەتێکی بۆ باس ئەکا و ئەڵێ:

«کە ڕۆیشتین زۆری نەمابوو بگەینە سەر لووتکەی شاخەکە، ئاسکێک....»

«تۆ ئەزانی کتێبەکە بە خەتێکی جوان نووسرا بووەوە»

ئەگەڕێتەوە سەر باسەکەی و ئەڵێ:

«بەوێدا تێپەڕی، لەولاوە کەڵێکیش هات، لووت و بزووت لەگەڵ ئاسکەکەدا تووشی یەک بوون».

ڕستەی «تۆ ئەزانی کتێبەکە بە ختێکی جوان نووسرا بووەوە». هیچ پەیوەندیەکی بەو قسەوە نییە کە دەستی داوەتێ و ئەیگێڕێتەوە. بەڵام گوێگر ئەسڵەمێتەوە و زیاتر هۆشی ئەداتێ.

سێیەم لێی بوونەوەیەتی لە باسەکەی. ئەبێ بە جۆرێ لێی بێتەوە کە گوێگر بۆی دەرکەوێ ئەوا خەریکە لە بابەتەکەی ئەبێتەوە.

ئەم سێ ڕێگایە وەکوو ئەوە وایە کە یەکێک دەست ئەدا بە هەورازێکەوە؛ چۆن لەسەرەتاوە چاکی لێ هەڵئەکا؟. و چۆن وردەوردە بە هەورازەکەدا سەر ئەکەوێ؟. لەو لاوە سەرەوخوار ئەبێتەوە؟.

نووسینەکە کۆمێدی بێ، یا تراژید، هەر یەکە شێوەی خۆی دیارە و لەسەر ئەو ناساندنە کە باسکرا، لەگەڵ ئەوانیشا بەو جۆرە ئەکەی.