دوایی

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  830 مشاهده

بابەتێکیتر کە بۆ هۆنەر، وە یا نووسەر پێویستە ئەوەیە کە بزانێ چۆن دەست بە بەرهەمەکەی ئەکا؟ چۆن ئەچێتە ناویەوە؟ چۆن لێی ئەبێتەوە؟

ئەبێ بۆ ئەوە کە شتەکەی لە دڵی گوێگر، وە یا خوێنەرا جێگای خۆی بگرێ، هەموو دەم بە شتی جوانی لەبار بۆ ئەو شوێنە دەست پێبکا؛ واتە بە جۆرێک بێ کە دڵ ڕووی تێی بکا، دڵی ئەو گوێگر، وە یا خوێنەر بگەشێتەوە، نەوەک خەم ڕووی تێیکا، ئەگەر بابەت بابەتی ماتەمیی نەبوو.

چاکتر دەست پێکردن ئەوەیە پێش ئەوە بچێتە جەرگەی باسەکەوە ئیشارەیەک بکا بە بابەتی ناوەڕۆکی شتەکەی، کە بەمە لە بەلاغەی عەرەبیدا ئەڵێن «براعة الاستهلال».

ئەم ڕستەیە لە عەرەبیدا لەوە وەرگیراوە، کە مناڵ سەرەتا پەیدا ئەبێ دەنگێکی لێوە دێت، ئەو دەنگە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو مناڵە گیانی تێدا هەیە. زانایانی بەلاغە لەوەوە وەریان گرتووە و گواستوویانەتەوە بۆ ئەو چەمکە، کە سەرەتای دەست پێکردنەکە شتێکی تێدا بێ ئیشارە بکا بە ناوەڕۆکی بابەتەکە.