لەتافەت

از کتاب:
خۆشخوانی
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  906 مشاهده

لەم جوانکاری وشەییە و لەم ڕەگەزدۆزیەدا وەکوو ئەم پیشەیە هەیە، جوانیەکی تریش هەیە کە لەسەر زمانی زانیاری جوانکاری بە «لەتافەت» ناو ئەبرێ. بە وێنە وەکوو لەو نیوە هۆنراوەدا کە ئەڵێ:

«کە ناچین لێرە، خۆشە چینی ماچین»

«لە خۆشەچینی ماچین»دا ئەم جوانییە دروست بووە؛ ئەڵێ: ئێمە بۆیە لەم شوێنە ناڕۆین چونکە هێشۆچنی ماچین. لە هەمان کاتا ئەوەش ئەگەیەنێ کە بڵێ:

ئێمە بۆیە لەم شوێنە ناڕۆین چونکە خۆشە؛ چینی ماچین، کەواتە نەڕۆیشتنەکەمان لەبەر خۆشی ئەو شوێنەیە و بە جێی ناهێڵین.

وە یا هەر لەم ڕووەوە «نالی» ئەڵێ:

«ئەهلی تەعدادی مەحاسن نووسییان»
«خاڵ یەک و زوڵفی دوان، هەر دوو سییان»

لە وشەی «هەر دوو سییان»دا ئەم جوانییە دروست بووە. لە لایەکەوە مەبەست ئەوە ئەگەیەنێ کە خاڵ و زوڵف سییان؛ - سیان؛ واتە ڕەشن، لە لایەکی ترەوە ژمارەکەی تەواو کردووە ئەڵێ: خاڵ یەک، زوڵف دوو، دوو زوڵفەکەی، هەموویان بوون بە سێ. یەعنی لەگەڵ خاڵەکەدا.