عیشق کردمی بێ خان و مان، بێ مڵک و ماڵی عیشقم ئەز

از کتاب:
دیوانی ئەحمەدی کۆر
اثر:
احمد کور (1771-1856)
 2 دقیقه  1120 مشاهده
عیشق کردمی بێ خان و مان، بێ مڵک و ماڵی عیشقم ئەز
تاقەت نەما لاڵ بوو زبان، قامەت هیلالی عیشقم ئەز
عیشق کردمی بێ پا وو سەر، بێ مڵک و ماڵی عیشقم ئەز
لاڵ بوو زبان، بیستم خەبەر، قامەت چو داڵی عیشقم ئەز
عیشق حاڵان تەغییر دەکا، شێت و نەزانان ژیر دەکا
تفڵی دوو ساڵە پیر دەکا، عاشقی جەماڵی عیشقم ئەز
عیشق حاڵان تەحویل دەکا، جوانان بە پیر تەبدیل دەکا
گەردنکەشان بە دیل دەکا، دەرحاڵ قەتتاڵی عیشقم ئەز
عیشقی لەتیفی مەهوەشان، مەیلی پەری بۆ دڵکەشان
بێهۆش دەکا ساحێب هۆشان، مەجنوون میسالی عیشقم ئەز
عیشقی لەتیفی دڵبەران، مەیلی نیهالی عەڕعەڕان
بێهۆش دەکا سەوداسەران، مەحرووق باڵی عیشقم ئەز
عیشق ناگەهان لێم بوو دوچار، ساتێ کە دیم قەوس و عوزار
سەنعان سیفەت بێ ئیختیار، تەقوا بەتاڵی عیشقم ئەز
عیشق عالمان مەجهوول دەکا، نالایقان مەقبووڵ دەکا
ئەفگار دڵان مەقتووڵ دەکا، دەر دڵ خەیاڵی عیشقم ئەز
عیشق دەردان شیفا دەدا، عیسا نەفەس سەفا دەدا
عەزمی ڕەمیم ئیحیا دەکا، مورشیدی حاڵی عیشقم ئەز
عیشقە شیفای دەردی عەزیم، دەرمانە بۆ قەلبی سەلیم
ئیحیا دەکا عەزمی ڕەمیم، سەودای جەماڵی عیشقم ئەز
عیشق کوورێکە با قیاس، خالیس دەکا سەنگی دەساس
نابێ لە من کەی ئیلتیماس، کۆکۆی زوخاڵی عیشقم ئەز
عیشق کوورەی لاتەحمەدە، ئاسن و پۆڵا و جەلمەدە
قاڵیان دەکا و لێکیان دەدا، مەستی ویساڵی عیشقم ئەز
عیشقی لەتیفی بێنەزیر، وای کرد لەو ئەحمەدی فەقیر
لۆمەم بۆ هات وەک تیر و شیر، ساحیب قەباڵی عیشقم ئەز
عیشقی لەتیفی نامدار، وای کرد لە من کۆرتخلصی هەژار
ڕووم نیە لەنێو ئەغیار و یار، پیری جەماڵی عیشقم ئەز