تەخمیسی غەزەلی حەزرەتی زیائەدین (قدس سرە العزیز) لە وەختی وەفاتی فەرموویەتی و نووسرایەوە

از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
 2 دقیقه  852 مشاهده
غولام و دەوڵەتم ناوێ کە مایەی زەوقی لەززەتمە
شەباب و شەوکەتم ناوێ کە مردن باری حەسرەتمە
ڕەبابی عوشرەتم ناوێ کە وەختی کورسی ڕەحلەتمە
کولاهی سیححەتم ناوێ کە عیللەت تاجی زیللەتمە
کەوای عیززەت لەبەر ناکەم کە قیللەت بەرگی ڕەحمەتمە
لە شەوقی عشقی سولتانی بیحەمدیللا سەنا خوانم
لە ڕەمزی ئەمری سوبحانی ئەمن شێواو و حەیرانم
بە حوکمی زاتی یەزدانی پڕئێشان و پەرێشانم
لە عەیش و نۆشی حەیوانی ئەمن چبکەم کە ئینسانم
خەیاڵی بێ بەقا بۆچی کە زیکری نار و جەننەتمە
لە پێش خەلقی هەموو عالەم فەلەک ماوای نەببو قەتعا
لەژێر باری زەمین یاران سەمەک جێگەی نەبوو قەتعا
لەناو خانەی عەدەمدا بوو مەلەک جێگەی نەبوو قەتعا
بەشەر ئەسلا نەبوو ناوی مەلەک ڕێگەی نەبوو قەتعا
لە عەرشی وەحدەتا وا بوو کە ڕەحمەت جێی مەحەببەتمە
عیبادەت بۆ کەسێ چاکە خەبەرداری شەریعەت بێ
سەعادەت بۆ کەسێ چاکە تەریقداری حەقیقەت بێ
نەدامەت بۆ کەسێ چاکە گرانباری زەمیمەت بێ
عەیادەت بۆ کەسێ چاکە گرفتاری تەبیعەت بێ
کەمن مەفتوونی جانانم چە باکم دەرد وعیللەتمە
ئەگەر مەعشقە ساقی بێ بڵێ زەهراوە بینۆشە
بە یادی وەسڵی دڵدارت وەری بگرە تۆ بینۆشە
نەبێ باکت لە هیچ عالەم بڵێن مەدهۆش و سەرخۆشە
ئەگەر دڵبەر بلاوێنێ هەموو دەرد و بەڵا خۆشە
خودا ناکردە مەیلی نا چە فەرقی سەقم و سیححەتمە
لە پایینم ئەجەل هات و دڵی گەزتم وەکوو وەیباب
لە دیدەی عومر جاری بوو سرشکی خوێن وەکوو سەیلاب
ڕژاندی پیاڵەیی ژینم بەسەر جەرگا وەکوو زەهراب
کە دیم خوێن جارییە ئیمڕۆ لە جەرگ و دڵ وەکوو سەیلاب
گوتم ئەم شاهیدم کافیە حیساباتی قیامەتمە
وەرە عاسیتخلص بە عەقڵی خۆت مەدە فەتوای بەتاڵ هەرگیز
لەبۆ باری هەموو عالەم مەبە چارپای حماڵ هەرگیز
خەریکی سیرەتی خۆت بە مەبە سەرداری جەمال هەرگیز
وەرە (فەوزی لە فەهمی خۆت مەکە فیکری بەتاڵ هەرگیز
ئەوی تۆ تێدەگەی قوربان ئیشاراتی لە خیللەتمە