عاسیمەی سوڵتانی زەوقە شاری کۆ بۆھەمنشین
از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
3 دقیقه
1013 مشاهده
عاسیمەی سوڵتانی زەوقە شاری کۆ بۆهەمنشین
بۆ عولووم و عەقڵ و عیرفان بۆتە یەککەم شانشین
حەمد و شوکری پێ دەوێتن لازمە غافڵ نەبین
شوکری لوتفی خوا بکەین و قەت لە ئەمری دەرنەچین
ئەم مەقامەی دابە ئێمە گوڵشەنە بۆ عیلم و دین
ئاوی وەک ئاوی حەیاتە وەک بەهەشتە بۆ حەیات
هەر وەکوو شاران زەمانە خزمەتێکی گەر بکات
تاجی فەخرە شاری کۆیە بۆ جنوب و ڕۆژهەڵات
باغ و میوەی شوبهی جەننەت گیایەکانی بۆن ئەدات
نێرگس و لالە و بنەوشە سەف بە سەف هەم چین بە چین
زۆر مەراقمە تاکوو ماوم سەیری ئەوروپا بکەم
تا لە خۆشی و وەزعی شاران دیققەتێکی چا بکەم
ئایا وەک کۆیە دەبینم تا ئەویش ئیفشا بکەم
گەر بە چاوی خۆم نەبینم زەحمەتە بڕوا بکەم
وەسفی جوغرافی دەلیلە شاری کۆیە یەککەمین
هەر فنوونێ لێی دەپرسی ئەهلی ئەو لێبوونەوە
یەک بە یەک لەم شوومی جەهلە خاس و عام جوێ بوونەوە
وەک قەدیم گوڵزاری عیلمی زۆر گوڵی گرتوونەوە
هەروەکوو غیلمان و حووری نەوجەوان کۆبوونەوە
وا لەناو باغاتی عیرفان بوو عولووم و گوڵچنین
شوکرولیللا ئەهلی کۆیە بوونە یەککەم بەهرەوەر
لایەقی هەر نەوعە مەدحن شار و چیا و دەشت ودەر
ئەهلی فەزل و ئەهلی غیرەت حەقپەرست و با خەبەر
شێری مەستن بۆ شوجاعە چاونەترس و پڕ هونەر
مەزرەعەی ئەوسافی زەوقیان لایقە بۆ خۆشەچین
گەر نیهایەت خواهی وەسفی زەحمەتە قەت نادرێ
چونکە مەدحی شاروئەهلی قەت بە هیچ کەس ناکرێ
ئەهلی دیققەت بێتە کۆیە فیکری خۆی با ڕاگرێ
تا بە چەرخی حیرەت و غەم جەرگ و ڕیشەی با درێ
جێی وەها چونکە نەدیوە قەت لە ئەقتاری زەمین
گەر جەبەل لبنان ببینم بێ شک ئایاغی دەکەم
هەر بە سەرچاوەی حەمامۆک جەرگی ئەو من داغەکەم
سوبح و شام بۆ کەیف و شادی سەیری ناوباغی دەکەم
زۆر بە مەدحی لێوەشاوە بەرز و پەڕ لاغی دەکەم
لایقە بۆ شاری کۆیە پێی بڵێن خولدی بەرین
من کە کۆیەم سەیری من کەن قەسر و باغ و پەنجەرەم
سەیری کەن لەم لالەزار و ئەم هەوا ڕووحپەروەرەم
بێت و لبنان من ببینێ بێ شکە دەگرێ وەرەم
من موغازەی زەوق و شادیم ئەو دەبێتە دێوەرەم
بابەتی زەوقی دەوێتن تاکوو بفرۆشێ لە چین
فەسڵی زستان کۆچی کرد و خیوەتی هەڵدا بەهار
مەنزەرەی شادی و سروورە دەشت و چیا و دێمە کار
وەک بەهەشت ڕازانەوە هەرچار تەرەفمان لالەزار
عاسیتخلص یا بێرە تەماشا و نووکی خامەت بێنە کار
هەر لەسەد یەک وەسفی دەرخە بێ وەفا با دەرنەچین