ئاوارە لە سەحرایی غەم و بێ سەروپا خۆم
از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
2 دقیقه
842 مشاهده
ئاوارە لە سەحرایی غەم و بێ سەروپا خۆم
سەرتا بە قەدەم غەرقە لە تۆفانی بەڵا خۆم
مەبغووزی موحیب و هەموو ئەرباب و برا خۆم
لەم عەسرە کە خنکاوی غەم و بەختی سیا خۆم
بێ بەش لە هەموو شادی و هەم سەیر و سەفا خۆم
حەیرانم و سەرئاسیمە بێ هۆش و حەواسم
دائیم غەمە خۆراکم و خوونینە لیباسم
بێ ئاگرە سووتانی دڵ و جەرگی پەلاسم
ڕووزەرد و سەرەفگەندەیی دیداری خەواسم
ئەی تابیعی ئەفعالی شەڕ و نەفس و هەوا خۆم
مەنعم مەکەن ئیمڕۆ کە لە ناڵان و گرینم
بێ فیکری عیلاجە جگەر و ئێشی برینم
لام پەشمە ئەرەستۆ ئەگەر ئەو یارە نەبینم
موشتاقی دەری حەزرەتی شەهسواری ئەمینم
بێگانە لە عەقڵ و شەرەف و هۆش و بەها خۆم
بێهوودەیە بۆ دەردی ئەمن فیکری تەبیبان
لەتلەت بووە جەرگم بە جەفای تیری ڕەقیبان
چارەی نییە گریانی دڵ و چاوی غەریبان
دڵ ڕۆیوە لۆمەم مەکەن ئەی یار و حەبیبان
دووچاوی غەم و غوربەت و گریان و جەفا خۆم
کون کون بووە جەرگم بە جەفای تیری مەلامەت
کەوتوومەتە گێژاوی غەم و بەحری نەدامەت
لوتفێ بکە لەم مەوجە کە دەرچم بە سەلامەت
ڕسوا و پەرێشانم وم تا ڕۆژی قیامەت
بەدناوی ڕەقیبی سەگ و بێ شەرت و وەفا خۆم
گرتوویە تەمی حەسرەت و دڵ بۆتە دەماوەند
بەحسی منە بۆ خاس و عەوام بۆتە زەماوەند
میحنەت دڵی داگرتم و لێی بۆتە قەڵابەند
شادی لە منی خەستە بەبێ فلس و بەها سەند
بێ عەقڵ و شعوور دەربەدەری دەشت و چیا خۆم
ڕەحمێ بکە توخودا بە منی خەستە و بریان
دیدم هەموو فەوتاوە لەبەر جۆششی گریان
مەئویسە لە لوتفی هەموو ئەرباب و ڕەفیقان
عاسیتخلص م و پەراگەندە و دڵزار و پەرێشان
شەرمەندە و داماو و غەریب غەرقی خەتا خۆم