غەم ھات و فەرەح ڕۆیی و ئێستاکە حەزینم
از کتاب:
دیوانی عاسی
اثر:
ملا مصطفی عاصی (1885-1975)
2 دقیقه
829 مشاهده
غەم هات و فەرەح ڕۆیی و ئێستاکە حەزینم
باوەڕ مەکە بەو ژیانە کە ئەو یارە نەبینم
تەئسیری شەڕی کردووە هیجرانی لە دینم
مەشهوورە لە ئافاتی جیهان ئاهویی چینم
تەعقیبی دڵی کردووە وەک دوژمنی خوێنم
بێ هوودەیە وا دەرچوو کە ئەم جارە لە چارە
ئەگریجە لەگەڵ پەرچەمی وا بوونە سەیارە
ڕەشماوی دوو زوڵفی وەکوو سێدارە لە دارە
مەقسوودی لەسەر کوشتنی من بوو بە قەنارە
فەوتی سەرە ئەم دەفعە وەکوو چاوی دەبینم
تەقدیری ئەزەل وایە کە لەم ڕووحەی بەری بم
خوێنم بڕژێ شاهیدە بۆ ڕۆژی حەسیبم
هەرچەندە کە بێچارە و داماو و غەریبم
فەخرێکە لە ئەم جێژنە کە قوربانی سەری بم
ئەو خوێنە بڕێژێ بە دڵ و جەرگ و برینم
وەک وەعدی ویساڵی لە ئەمن کردووە تەئخیر
تەحریکی ڕەقیبی سەگە لێی کردووە تەئسیر
چەند دەفعە کە عەیبی منی بۆ کردووە تەقریر
شمشیری برۆی عالەمی پێ کردووە تەسخیر
ڕەحمی نییە یەک جاری بە گریان و گرینم
سەد ناوی خودا بێ لە قەد و سینەیی باغت
مەفتوونە لە گوڵزار و چەمەن لالە لە داغت
یارەببی نەشێوێ هەرەس و زەوق و دەماغت
جارێکی بە لەنجە وەرە بۆ سەیری نەساغت
تا سەروی قەد و گوڵشەن و گوڵزاری ببینم
وەک زوهرە لە مەتلەع سەری هێناوەتە دەر
وا مشتەری دڵ قیمەتی خۆی ناوەتە سەر
ڕووحی وەکوو دەستمایە ئەوا ناوە تەبەر
چەند کەس لەسەر ئەم ڕێیە دەبینم کە بەبێ سەر
مەعلوومە کە ئەو دەردە منیش وەختە ببینم
دێوانەیی دڵ دەستی کە کردووە بەرەقاسی
لام شێتییە لەم بەزمە چە ئومێدی خەلاسی
هاتۆتە سەر ئەم گێژە بە عینوانی غەواسی
ئەم بەندەیە لەم عەسرە کە مەشهوورە بە عاسیتخلص
بێهۆشە دڵی من لە جەفای وەسڵی ئەمینم