جوولەکەیەک هەبوو لە بانە شەلەمۆی ناو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  462 مشاهده

جوولەکەیەک هەبوو لە «بانە» «شەلەمۆ»ی ناو بوو. تۆزێ جوانکەلە بوو. چەرچێتی ئەکرد، دوو گوێدرێژی هەبوو، هەموو جار باری ئەکردن لە شتومەک و ئەچووە دەرەوە بۆ فرۆشتنیان. جارێکیان وا ڕێکەوت کە ئەبووایە بە کەلیخانا بڕۆیشتایە. ڕێگەش نائەمین بوو، کابرایەکی بەکرێ گرت لەگەڵ خۆی بردی بۆ ئەوەی بیپارێزێ لە پیاوخراپ و ڕێگر . کە ئەگەنە ناوەندی کەلیخان، کابرا خۆی جوولەکەکە ڕووت ئەکاتەوە، هەرشتێکی پێیە لێی ئەستێنێ. سوێندیشی پێئەخوا بە حەزرەتی موسا کە دەنگ نەکات، سەرەڕای ئەوە دێنی ئەشیگێ بۆ ئەوە ئیتر بە هیچ جۆر هەر نەویرێ قسە بکا. دنیا تەمومژ و هەورەڕۆژ بوو. کابرای جووە ئەگەڕێتەوە بۆ بانە و هەر هەناسە هەڵئەکێشێ ناشتوانێ قسە بکا. جا ئەیانوت هەر ڕۆژێ تەمومژ و هەورەڕۆژ بووایە، ڕووی ئەکردە کەلیخان و ئەیوت: «بە خوا خەڵکینە! ئێستا لەو کەلە پیاوگاینە».