لە قسەی کوردییەوە ئەڵێ جارێک یاپراخ و...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  535 مشاهده

لە قسەی کوردییەوە ئەڵێ:

جارێک یاپراخ و کفتە و بڕوێش و تورشاو، بوو بە شەڕیان. کفتە بە بڕوێشی وت: بە خێر تۆش ناوی خۆتت ناوە شت؟ نە تامێک و نە شتێک، کە چی تەشریفیشت دێتە دیوەخان. یاپراخ ڕووی کردە تورشاو وتی: ڕەنگبێ تۆش فیزێ لە خۆت بنێی و بڵێیت شتێکم؟ نە نانە ڕەق خۆی لەبەرتا ئەگرێ، نە خەپلەی هەرزن ئەوێرێ توخنت کەوێ، نە کەلەدۆینە پێت ئەوێرێ، بەڵایەکیت کەوتویتە ئەم ناوە و سەرت لە عالەم تێکداوە. تورشاویش بە وی وت: خۆ من هیچ نەبێ وام بەرەوە، تۆ ئەڵێی دەستە بووخچەی تازەبووکی ناشیرینی ،چروک توندوتۆڵ خۆتت پێچاوەتەوە و کەس نازانێ ناوسکت چی تیایە و دەستی خەڵک ئەبڕی، ئەگەر فڕوفێڵت تیا نییە و ڕاست ئەکەی، بۆ چ وا خۆتت پێچاوەتەوە؟ «کارواناشی» ش لە گۆشەیەکەوە بوو، گوێی لێ بوو، لەژێر لێویەوە وتی ئەوە ئەڵێن چێ؟ هەموو بە جاری لێی هاتنە دەنگ، وتیان: «توخوا دەم و فڵقت بەرە بەولاوە بێ تامی ئاوی «خاسە»، پیسی کەرە! لەم هەرایە، پڵاو نوستبوو، خەبەری بوەوە، کۆکەیەکی بۆ کرد و بە فیزێکەوە وتی: «ئەرێ هەتیوینە، ئەو هەرایەتان لە چییە؟ ئەمانیش وتیان: قوربان ئاغا، کێ لەگەڵ تۆیەتی».