ئەڵێ کابرایەک گیسگێک و مەیموونێکی هەبوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  430 مشاهده

ئەڵێ کابرایەک گیسگێک و مەیموونێکی هەبوو لەگەڵیان ڕایئەبوارد. ڕۆژێک کابرا چووە دەرەوە، جامە ماستێک لە ماڵا دانرا بوو، مەیموونەکە هێنای هەمووی خوارد و دەم و لێوی خۆی پاک کردەوە و چوو گیسکەکەی هێنا تۆزێ ماستی لە دەم و لووتی ئەو هەڵسوو، جامەکەشی بە خاڵیەتی لەو ناوەدا فرێ دا، خۆیشی چوو لەو لاوە قیت و قنج لێی دانیشت. لای نیوەڕۆ کە کابرا هاتەوە، سەیری کرد جامە ماست هیچی نەماوە. سەیرێکی مەیموون و گیسکەکەی کرد، تەماشای کرد مەیموون لە گۆشەیەکەوە بۆخۆی کزۆڵەی کردووە و دانیشتووە، گیسکەش لەو لاوە بە دەم و لووتی ماستاوییەوە هەڵقون هەڵقونیەتی! دارێکی هەڵگرت و چووە ویزەی گیسکی بەسەزمان، مەیموونەکەش لە ترسی ئەوە کە نەوەک کابرا دواجار بابداتەوە سەر ئەو، هەمووجار دەستێکی بۆ دەم و لووتی گیسکەکە درێژ ئەکرد و کابرای تێئەگەیاند کە گیسکەکە ماستەکەی خواردووە، ئەوەتە هەمووی بە دەم و لووتیەوەیەتی! بۆخۆیشی وەکوو بەرزەکی سەربانان بۆی دەرچوو.