ئاغایەک خزمەتکارێکی تەمەڵی بێفەڕی هەبوو...
از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
1 دقیقه
621 مشاهده
ئاغایەک خزمەتکارێکی تەمەڵی بێفەڕی هەبوو، ڕۆژێک ناردی بۆ بازاڕ، ڕۆن و برنج بکڕێ. زۆری پێچوو، هەر نەهاتەوە. دوایی کە هاتیشەوە هەر برنجەکەی کڕیبوو، ڕۆنی نەهێنابوو. کابرا زۆر تووڕە بوو، گەلێ جنێوی دایە و پێی وت: سەگی سەگباب! مادام تۆئەمە کەتنتە. جارێکی کە ناردمیت بۆ هەر شتێک، ئەبێ دوو شت بهێنی. ڕۆژێک کابرای ئاغا نەخۆش ئەکەوێ و بە خزمەتکارەکەی ئەڵێ: «ئا بچۆ پزیشکێکم بۆبێنە». ئەویش ئەچێ لە پاش تۆزێک دێتەوە پزیشکێک و پیاوێکی تر لەگەڵ خۆی دێنێ. ئاغا لێی ئەپرسێ ئەم کابرایەی تر چییە؟ ئەویش ئەڵێ: «ئەی ئەو ڕۆژە تۆ دەستت نەکرد بە جنێودانم و پێت نەوتم کە ناردتم بۆ هەر شتێک ئەبێ دوو شت بێنم؟ ئێستا پێت وتم بچم پزیشک بێنم و ئەوەیان پزیشکە. ئەگەر چاکی کردیەوە باشە و ئەگەر خۆ چاکیشی نەکردیەوە، ئەوی تریان گۆڕهەڵکەنە و گۆڕەکەت بۆ هەڵئەکەنێ».