ئەم قسەش با لەسەر قسە کوردییەکان بێ!...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  472 مشاهده

ئەم قسەش با لەسەر قسە کوردیەکان بێ و ئەڵێ:

ڕۆژێک کابرایەک لە ئەستەمبوڵ ئەچێتە ئیدارەخانەی ڕۆژنامەیەکی بەیانی. بە مودیرەکە ئەڵێ: دوێنێ ڕۆژنامەکەتان مردنی منی نووسیبوو، سەرم سڕما. نازانم بۆ چی بە درۆ ئەوەتان نووسیبوو؟ مودیرەکە ئەڵێ: «غەزەتەی ئێمە بە درۆ هیچ نانووسێ! ئەگەر خەبەرێکی وا ناخۆشی نووسیبێ هەڵبەت ڕاستە». کابرا ئەڵێ: چڵون ڕاستە؟ ئەمەتە لەبەر چاوت ساغ و سەلیم ڕاوەستاوم، پێویستە هەر ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەدا ئەو خەبەرەی دوێنێتان بخەنە درۆوە. مودیرئەڵێ: «لێم ببوورە ئەمەی تۆ ئەیفەرمووی ڕێناکەوێ، چونکە ڕۆژنامەی ئێمە هەر شتێ ڕاست نەبێ، ناینووسێ. وە ئەگەر خوا نەخواستە خەبرێکی درۆیشی نووسیبێ خۆی نابێ خۆی بە درۆ بخاتەوە».

کابرا ئەڵێ: چڵون؟ پیاوێکی زیندووی زل و زەلام بە مردوو نیشان دان، مەعنای چییە؟ مودیر ئەڵێ: «بابە پێی ناوێ تەگبیرێکم دۆزیوەتەوە بەو جۆرە زیندووت ئەکەینەوە». ئەڵێ: ئا بزانم تەگبیرەکەت چییە؟ مودیر ئەڵێ: «ئێمە وەکوو ئەوانەی کە ئەمرن مردنیان ئەنووسین. ئەوانەش کە تازە لە دایک ئەبن، ئەوانیش ئەنووسین. ئینجا لە ڕۆژنامەی بەیانیماندا لەگەڵ ئەو منداڵە تازە بووانە ناوی تۆش ئەخەینە ناوەوە! کابرا بەم قسەیە ڕازی ئەبێ و ئەڕوا».