عەوڵا پاشای بابان ڕۆژێک لە وەزیرێکی خۆی...
عەوڵاپاشای بابان ڕۆژێک لە وەزیرێکی خۆی تووڕە ئەبێ و ئەڵێ هیچ کەس نابێ هاتوچۆی بکا، کابرا شەوێک بە دزیەوە ئەچێتە ماڵی دۆستێکی، کە لە هەوڵا خۆی هێناویەتە پێشەوە، هەرچەند بانگی ئەکا دەرگای لێ ناکاتەوە. بانگی ئەکا ئەڵێ: تکات لێ ئەکەم، هەر ئەوەندە وەرە ئەو دیو دەرگاکە، منیش لە دەرەوە حەکایەتێکت بۆ ئەکەم، ئیتر ئەڕۆم، نامەوێ دەرگام لێ بکەیتەوە. کابرا دێت لە ژوورەوە لە پشت دەرگا ئەوەستێ و ئەڵێ: فەرموو بزانم حەکایەتی چیم بۆ ئەکەی؟
وەزیر ئەڵێ: «کابرایەک بوو دوو ژنی هەبوو؛ یەکێکی سپی وجوان، یەکێکی ڕەش و ناشیرین، قەت نەئەچووە ماڵی ژنە ناشیرینەکە بنوێ. شەوێک لەگەڵ ژنە جوانەکە شەڕی ئەبێ، ژنەکە سوێندی لێ ئەخوا ئەڵێ نابێ لەم ماڵە ڕۆژ بکەیتەوە. ئەویش ئەچێ بۆ ماڵی ژنەکەی تری. ژنە ناشیرینەکە ئەپرسێ ئەوە چلۆن بوو ئیمشەو هاتی بۆ ئێرە؟ ئەڵێ: بەخوا لەگەڵ ژنەکەی ترم شەڕمان بوو، منیش هاتووم بۆ لای تۆ. ئەویش ئەڵێ: ئەوە لەو لا دەریان کردووی بۆیە هاتوویتەلای من، سا بە خوا منیش داتناکەم و نایەڵم لێرە بنووی و دەرگای لێ ناکاتەوە. کابرا ئەڵێ: ژنە ڕەش! خوا ڕووی ژنە سپییەکەم ڕەش بکا کە هۆی منی خستە تۆ و تۆش دەرم ئەکەی».