ژنێک هەبوو لەو بنارە دۆستێکی هەبوو هیچ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  601 مشاهده

ژنێک هەبوو لەو بنارە، دۆستێکی هەبوو، هیچ شوێنێکیان نەبوو بۆ ژوان. قسەیان هاتە سەر ئەوەی کە هەموو شەوێ کابرای دۆستە بێت و ژنەش لە باخەڵی مێردەکەیا بێت، لە تەنیشتیەوە ڕاکشێت و گەمە و گاڵەی خۆیان بکەن! بەڵام لەبەر تاریکی، بۆ ئەوەی کابرای دۆستە لێی تێک نەچێ، ژنە پێی وت: «من پەتێکی سپی ئەبەستم بە قاچمەوە، ئیتر بەوەدا بزانە قاچی منە و هی مێردەکەم نییە!» چەند شەوێک بەم جۆرە گەمە و گاڵەیان کرد. شەوێک مێردەکەی چاوی بە پەتەکە کەوت، لێی پرسی: «ژنەکە ئەو پەتە چییە بە قاچتەوە؟» ژنەش وتی: «پیاوەکە! ئەمە دەزووی بەندەزووی پەتدەزووی شادەزووی، شۆخدەزووی پیرۆزی شەوی دۆزی سەری هۆزی مرادە، هەر کەس لە پێی کا، ئیمامی نازداری خدری زیندە ڕۆحم بە قوربانی بێ، بە خۆی و دار عەساکەیەوە دێ بە لایەوە، گوڵاوێکی ڕوونی بە بۆن و تینی ئەداتێ، بە خشەیەکەوە، بە شکەیەکەوە بە مشەیەکەوە مرازی هەر دوو دنیای ئەداتێ!»

پیاوە، کە ئەمەی بیست خۆی لێ مات دا، تا شەوێک بۆی ڕێکەوت بە بێ چرپە و بە دزییەوە پەتەکەی لە قاچی ژنەکەی کردەوە و بەستی بە قاچی خۆیەوە! ئەو شەوە لە نیوەشەوا کابرای دۆستی دێت و دەست ئەکوتێ بە پەتەکەدا قاچەکە ئەدۆزێتەوە و بە قاچی ژنەکەی ئەزانێ! دەرپێکەی دائەکەنێ و تێی بەر ئەبێ! کابرا بە خەبەر دێ و کە سەیر ئەکا یەکێ تێی بەربووە ئەیکا بە هەرا. کابرای دۆستە، کە ئەزانێ لێی تێک چووە لنگی کابرا فڕێ ئەدا و بۆی دەر ئەچێ. ژنە خەبەری ئەبێتەوە و ئەڵێ: ئەوە چی بوو؟ کابرا ئەڵێ: «چوزانم مردیت مرێ! حەزرەتی خدر، ڕۆحم بە قوربانی بێ، هێندەی نەمابوو بە دارعەساکەی قونانم بدڕێ، دی خەبەرم بۆوە، ئەویش ئیتر چووە ژێر پەردەی غەریبی!»