جاران ئەو دەشتی دزەیییە مەلای زۆر کەم...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٣)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  592 مشاهده

جاران ئەو دەشتی «دزەیی»یە مەلای زۆر کەم بوو، لە دە دوانزە گونددا بەحاڵ گوندێک مەلایەکی تیا هەبوو، «مەلا محەمەدی بەهەشت فرۆش» لە گوندی «قوشتەپە» دائەنیشت. ئەو مەلایە لە جەژنانی ڕەمەزانا سەری ئەهلی هەموو ئاوایییەکانی چاک ئەکردەوە و سەری فیترەی هەموویانی وەرئەگرت. لە ناو کرمانجایەتیشا لایان وایە، سەر هەر ڕۆژی جەژن چاک بکرێتەوە، ئەگینا بەرناکەوێ، مەلاش خۆی پێی نەئەکرا هەر ڕۆژە بەسەر هەموو گوندەکانا بسووڕێتەوە و سەریان چاک بکاتەوە، هەر ئەوەی پێ ئەکرا یەک دوو دێ بگەڕێ. جا ئاوایییەکانی تر پێیان ئەوت: «مامۆستا خۆ سەری ئێمەت چاک نەکردیتەوە، کو سەرفیترەت بدەینێ؟» ئەویش ئەیوت: «بابم من هەر لە بەیانی ڕۆژی جێژنێوە بە فیترە سەری هەمووم چاک کردیتەوە!»

مەبەستەکەش ئەوەیە، گۆیا سەر لە بەیانی لەو دێیەدا کە لێی بووە، چووەتە قەراخ ئاوایییەکە پەنجەیەکی درێژ کردووە بە دێهاتەکانی ترا و فیکەیەکی بۆ کێشاون، ئیتر بەم جۆرە ئەو سەری هەموویانی چاک کردۆتەوە!

ئەم چەند قسەیە «فازل محەمەد حسەین» لە سولەیمانییەوە بۆ «ڕشتە»ی ناردووە.